کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆلیۆم و بە نێونەتەوەیی کردنی نەوت و گازی باشووری کوردستان

کڕێسێنت پێترۆلیۆم (Crescent Petroleum)، یەکەمین و گەورەترین کۆمپانیای دەستڕویشتووی بەشی تایبەتە لە بواری نەوت و گاز، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی ١٩٧١ لە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان(ئێمارات)، دامەزراوە و بنکەکەی لە میرنشینی شارجەیە. بەشی زۆری چالاکییەکانی ئەو کۆمپانیایە لە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و هەریمی باشووری کوردستان دایە. سەرۆکی کۆمپانیاکە، لەم کاتەدا حەمید جەعفەر و بەڕێوەبەرە گشتیەکەی مەجید جەعفەرە.

کرێسێنت پێترۆلیۆم دامەزرێنەر و گەورەترین خاوەن بەشی کۆمپانیای دانا گازە، کە یەکەمین و گەورەترین کۆمپانیای بەشی تایبەتە لە بواری دەرهێنان و گەیاندنی گاز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.

ئەم کۆمپانیایە بەشێکە لە گرووپی کرێسێنت (Crescent)، کە گرووپێکی بازرگانی بنەماڵەییە و کرێسێنت ئەنتێرپرایز(Crescent Entreprises)یش لە خۆ دەگرێ. گرووپی کرێسێنت ئێنترپرایز، کۆمپانیایەکی چەند نەتەوەییە کە بنکەکەی ئەکەوێتە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانەوە.

 

مێژوو و چالاکییەکانی

دەرکەوتنی کرێسێنت پێترۆلیۆم پەیوەندی بە دۆزینەوەی مەیدانی دەریایی موبارەکەوە هەیە لە ساڵی ١٩٧٢ دا. لە ساڵی ١٩٦٩، دەوڵەتی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، مەیدانی نەوتی دەریایی موبارەکی دا بە کومپانیای بە ناوبانگی “باتێس گاز ئەند ئۆیڵ کۆمپانی ئەنتێرناشناڵ”، واتە کومپانیای نێۆنەتەوەیی گاز و نەوتی باتێس، کە خۆی بەشێکە لە کرێسێنت پێترۆلیۆم.

لەو کاتەدا کرێسێت پێترۆلیۆم، توانی رێکوردێکی جیهانی وە دەست بێنێ بە بەرهەم هێنانی ٦٠٠٠٠ بەرمیلی نەوت لە دوای ١٣ مانگی سەرەتای دەست پێ کردنی کارەکانی لە مەیدانی موبارەک دا. ئەو پڕۆژە، میرنشینی شارجەی لە باری نێۆنەتەوەییەوە ناساند. یەکەم کارگەی نێونەتەوەیی کرێسێنت پێترۆلیۆم لە ساڵی ١٩٧٣ دا دامەزرا، کاتێ مافی هەناردە کردنی نەوتی بلۆکی یەکەمی، مەیدانێکی دەریایی مونتێنێگرۆ، کە ئەو کات بەشێک بوو لە یۆگۆسلاڤیی، وەر گرت. لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئەو کومپانیایە، مەیدانی گازیی “زۆرا”ی دۆزیەوە کە ئێستا گازەکەی لە لایەن کۆمپانیای دانا گازەوە، بە درێژایی ئێمارات، هەناردە دەکا. لە ساڵی ١٩٨١دا، بە پێدانی مافی هەناردە کردنی نەوتی دەرهێنراوی مەیدانێکی ٢٣٢ کیلومێتری چوارجا، لە سەن خۆرخەی ئارژانتین، کارەکانی خۆی درێژە پێ دا.

لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٨٠ هەتا ١٩٩٠، کرێسێنت پێترۆلیۆم، مافی گەڕان و دەرهێنان، لە کانادا، فەرانسە، توونێس، میسر، پاکستان و یەمەنی وە دەست هێنا. لە سالی ١٩٨٦، کۆمپانیاکە مافی گەڕان و دەرهێنانی نەوتی لە مەیدانی نەوتیی پێتواری پاکیستانی، وە دەست هێنا. دواتر لە گەڵ “ئامۆکۆ”(ئێستا BP)، بوونە هاوبەش و تا ساڵی ١٩٩٠ پێکەوە کاریان کرد. لە ڕەوتی داتەپینی بەشی ئێنێرژی لە ساڵی ١٩٩٠دا، کرێسێنت، کار لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی کۆتایی پێ هێناو ڕووی لە ڕۆهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا کرد.

لە ساڵی ١٩٩٧، کرێسێنت پێترۆلیۆم، لە گەڵ هوڵدینگی ئاتلانتیس کە کۆمپانیەکی نوروێژیە، رێکەوتنی هاوکارییان بو کاری هاوبەش و دۆزینەوە و هەڵێنجاندن لە مەیدانێکی دیکەی دەریایی لە قەراخەکانی شارجە، واژۆ کرد. لە ساڵی ٢٠٠٢، کرێسێنت پێترۆلیۆم، لە مەیدانی نەوتی “بووخا”ی عومان کاری کرد، و لە ساڵی ٢٠٠٤، وەکو بەڕێوەبەری تێکینیکیی لە مەیدانەکانی ئاژمان، ئۆم ئەلکووین و رەئێس ئەلخەیمە بووە.

دانا گاز، لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە لایەن کێرسێنت پێترۆلیۆمەوە دامەزرا. بەشەکانی ئەو کۆمپانیایە لە بوورس دا، گەورەترین سەرکەوتنی لە مێژووی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکاندا وە دەست هێنا و نیزیک بە ٢ میلیارد دۆلار سەرمایەی لە سەرانسەری دونیا، بۆ لای خۆ ڕاکێشا.

 

لە نێوان ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٤دا، کرێسێنت پێترۆلیۆم وەکو کۆمپانیایەکی بە توانای جێبەجیکاری پڕۆژەی جۆراوجۆری ناوچەیی دەست نیشان کراوە.

کرێسێنت پێترۆلیۆم لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بە هۆێ ڕیشەی بنەماڵەیی سەرۆکەکەیەوە، بەردەوام لە بەغدا بوونی هەبووە. دواتر نوێنەرایەتی خۆی لە سولەیمانی و هەولێریش داناوە.

 

هاتن بۆ هەرێمی باشووری کوردستان

لە ئاڤریلی ٢٠٠٧، دانا گاز ڕێکەوتنێکی لە گەڵ هەریمی کوردستان بۆ گەڕان و پشکنین لە دوو مەیدانی گازی خۆرمۆر و چەمچەماڵ، واژۆ کرد. لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، ٥٠٪ بەشی دانا گاز کرا بە ناوی کرێسێنت پێترۆلیۆمەوە و بە دوو قۆڵی کاری گەڕان و پشکنینیان ئەنجام دا. بە پێ ڕێکەوتنەکەیان لە گەڵ حکوومەتی هەریمی کوردستان، هەر دوو کۆمپانیا، کاری هەڵسەنگاندن، پێشخستن، دۆزینەوەی بازاڕ و فرۆشی بەرهەم و دەرهاوردەی هەر دوو مەیدانی خۆرمۆر و چەمچەماڵ، دابین کردنی گاز بۆ دوو ناوەندی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چەمچەماڵ و هەولێر و دابین کردنی گاز بۆ بەشی پیشەسازی لۆکاڵ، و هەناردە کردنی گازیان وە ئەستۆ گرتووە.

لە فیڤریەی ٢٠٠٩، داناگاز و کرێسێنت پێترپلیۆم، پشکەکانی خۆیان گواستەوە بۆ کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆم(Pearl Petroleum) کە کۆمپانیەکی سەرمایەدانانی هاوبەشی هەر دوو کۆمپانیایە. هەر لەو ساڵەدا، کۆمپانیای OMVی ئۆتریشی و MOLی مەجارستانی، هەر کام ١٠٪ی پشکەکانی پێرڵ پێترۆلیۆمیان کڕیەوە. لە ساڵی ٢٠١٥، کۆمپانیای RWEی ئاڵمانیش ١٠٪ دیکەی پشکەکانی کڕیەوە.

ڕێکەوتنەکە ١٥ مانگ دوای واژۆ کرانەکەی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە پێ ڕێکەوتنەکە، دەبوایە کارەکانی قۆڵاپ لێدان، تاقیکاری، خستنەوە گەڕی دووبارەی بیرەکانی گاز، کۆکردنەوەی زانیاری لەرزەنگاری ٢دی، دامەزراندنی ناوەندی جیا کردنەوە و پاڵاوتنی بەنزین، دروست کردنی دوو کارگەی بەرهەم هێنانی بەنزینی شل(LPG) و ١٨٠ کیلۆمێتر هێڵی گواستنەوەی نەوت لە ناوچە کوێستانییەکان، جێبەجێ بکرێن. بۆ ئەنجامی بەشێک لە کارەکان، بانتاییەکی بەر فراوانی ناوچەکە، بە هاوکاری کۆمپانیای MAG، لە مین و ئەڵغام پاک کرایەوە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٨ەوە، گەیاندنی گاز بە ناوەندی بەرهەم هێنانی کارەبای هەولێر دەستی پێ کرد.

بە پێ هەڵسەنگاندنی کۆمپانیای چەند نەتەوەیی PwC، کارەکانی پێرڵ پێترۆلیۆم توانیویەتی بە بەرهەم هێنانی کارەبای پێویست، بەرهەمی ناخالسی نێۆخۆیی هەریمی کوردستان ١٠،٧میلیارد دۆلار تا ١٨،٣ میلیارد دۆلار زیادی کردوە و بە کار هێنانی گازی کەمتر کردوەتەوە. هەر وەها بە کار هێنانی گاز لە باتی مازۆت(گازئۆیڵ)، لە هەر دوو ناوەندی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ، زیاتر لە ٢٩ میلیۆن تۆن دی ئۆکسیدی کەربونی کەم بووەتەوە و زیانەکانی بۆ سرووشت و ژینگە کەمتر کردوەتەوە.

لە ئووتی ٢٠١٧، حکوومەتی هەریمی کوردستان، کاری پێشخستنی بلۆکەکانی ١٩ و ٢٠ی مەیدانی نەوتی خۆرمۆری دا بە کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆم. کاری فرۆشی گاز لە کۆتایی ٢٠١٨ دا دەستی پێ کرد.

لە ٢٠١٩، پێرڵ پێترۆلیۆم، رێکەوتنێکی فرۆشتنی گازی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، لە گەڵ حکوومەتی هەریم واژۆ کرد. ئەو ڕێکەوتنە ئیمکانی بەرهەم هێنان و فرۆشتنی ٢٥٠ میلیۆن کووپی چوارجا لە ڕۆژێکدا، دەدا بە هەریمی کوردستان. هەروەها کاری پێشخستن و بەرهەم هێنان لە مەیدانی خۆرمۆر و کەندنی بیری دیکە بۆ گەیاندنی بەرهەمەکەی بە ٩٠٠ میلیۆن مێتری چوارجا تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێ.

ئێستا ڕۆژانە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت و زیاتر لە ١٠٠٠تۆن گاز بەرهەم دەهێنرێ. کۆی بەرهەمی کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆم، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا دێسامبەری ٢٠١٩، زیاتر لە ٢٩٤ میلیۆن بەرمیلی نەوت و ١٩١٩ میلیارد کووپی چوارگوشە، گازی سروشتی و ١میلیۆن و ٩٩٠هەزار تۆن بنزینی LPG بووە.

بۆڕی نەوتی باشووری کوردستان

بۆڕی نەوتی باشووری کوردستان

 

سەرچاوە :

 

 

 

 

سەبارەت kurdazad