نەخۆشی Covid-19

ڤیرۆس چیە؟

ڤیرۆس تەنۆچکەیەکی مایکرۆسکۆپی درمە کە تەنیا لە ئەگەری چوونەوە نێۆ خانە و بە کار هێنانی ئامێری نێۆ خانەکان دەتوانێ لە بەر خۆی بگرێتەوە و خۆی زیاد کات. بەو ڤیرۆسانە کە باکترییەکان دەتەننەوە باکتریۆفاژ دەگوترێ. ڤیرۆسی دیکە بوونیان هەیە کە گیانلەبەران و گیاکان دەتەننەوە. ئەگەر ببنە هۆی نەخۆشی، ئەوە بە تۆوى نەخۆشيزا دەناسرێن.

ڤیرۆس لە سەدەی ١٩ دا و لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی زانای ئاڵمانی ئا.مایر لە بارەی نەخۆشی گەڵاکانی گیای تەماکۆ دۆزرایەوە. ئەو زانایە تێگەیشت کە نەخۆشییەکە دەتوانێ لە گیایەکەوە بۆ گیای دیکە بگوێزرێتەوە و هیچ باکترییەکیەکی بەرپرسی نەخۆشییەکە لە گیاکەدا نابیندرێ. دواتر زانای میکرۆب ناس بەیجێرینک، تێ گەیشت کە تەنۆچکە درمەکە دەبێ زۆر بچووکتر بێ لە باکتری. لە ساڵی ١٩٣٥ ڤیرۆسی مۆزاییکی تەماکۆ لە لایەن وێندێڵ ئێستانڵییەوە پێناسە کرا.

 

پێکهاتەی گشتی ڤیرۆسەکان

ڤیرۆسەکان خانە نین، بەڵام تەنۆچکەی درمە کە بۆماوەکانیان لە نێۆ توێکڵێکی پرۆتینی داخراو دایە :

بۆماوەی ڤیرۆسی دەتوانێDNA  یان RNA بێ. لە لای گیانلەبەران، ژمارەیەک لە ڤیرۆسەکان لە جۆری رێترۆڤیرۆسن واتە خاوەنی RNA : ئەوانە بە گشتی بۆ بەرهەم هێنانی DNA لە ڕێگای RNAوە پێویستیان بە لە بەر گرەوەیەکی بە پێچەوانە هەیە.تۆێکڵە پڕۆتینیەکە کە بۆماوەی ڤیرۆس لە خۆ دەگرێ بە شێوەی کەپسیدە. ئەو توێکڵە دەتوانێ فۆرمی جۆراوجۆری هەبێ :شێوەی شوول وەکو موزایکی تەماکۆ. هێندێک ڤیروسی دیکە وەکو ڤیرۆسی هەڵامەت، پاکەتێکی ڕیشالینیان هەیە، کە لە پەردەی خانەی یانەوێ (خانەخۆ)ەوە بەرهەم هاتووە.

 

نەخۆشییەکانی مرۆڤ

تا ساڵی ٢٠١٨، نیزیک بە ١٢٩ جۆر ڤیرۆسی پەیوەندیدار بە نەخۆشییەکان مرۆڤ ناسراون. سەرما خواردن، هەڵامەت، مێكوتە، سوورێژە، زەردوویی جۆری C، یاوی زەرد، مۆنۆنووکلێۆزی درمی، وێنەی ئەو نەخۆشیە مرۆییانەن کە سەرچاوەی ڤایرۆسییان هەیە. نموونەی زیانبەخشی دیکەمان هەیە وەکو، سیدا(ئەیدز)، کۆرۆناڤیرۆس (سارس، مێرس، کۆڤید-١٩)، هەڵامەتی باڵندە، هاوڵە و ڤیرۆسی ئیبۆلا.

 

بنەماڵەی کۆرۆناڤیرۆس

کۆرۆناڤیرۆسەکان (CoV) یان ڤیرۆسە تاجییەکان، بنەماڵەیەکی گەورەی ڤیرۆسەکانن کە دەبنە هۆی نەخۆشی سادەی وەکو سەرما خواردن هەتاکو نەخۆشی زۆر مەترسیداری وەکو سەندرۆمی هەناسەی ڕۆژهەڵاتی ناوین (MERS-CoV) کە ئەمەیان ٥٦٧ کەسی لە ٢٦ وڵاتی دونیا دا کوشت و سەندرۆمی هەناسەی تیژی مەترسیدار (SRAS-CoV) کە لە وڵاتی چین دەرکەوت و زیاتر لە ٧٧٤ کەسی لە ٣٠ وڵات لە پێ دەر هێنا.

کۆرۆناڤیرۆسێکی نۆێ (nCoV) کە دەستەیەکی نۆێ پێک دێنێ هێشتا لای مرۆڤەوە پێناسە نەکراوە.کۆرۆناڤیرۆسەکان زوونۆسێسن، واتە لە نێوان گیانلەبەران و لە نێوان مرۆڤەکاندا دەگوازرێنەوە. لێکۆڵینەوەکان پیشانیان دا کە CoV-SAR لە پشیلەی سیڤێتەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە، و CoV-MERS لە وشترەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤەکان. ژمارەیەک کرۆناڤیرۆسی دیکە لە نێوان گیانلەبەران دا دێن و دەچن. بەڵام تە ئێستا مرۆڤیان نەتەنیوەتەوە.

 

SARS-Cov-2

سێهەم پەتای بکوژ کە لە مانگی دێسامبەری ٢٠١٩ لە شاری ئووهانی وڵاتی چین سەری هەڵدا، بریتیە لە SARS-CoV-2 کە تا ئێستا لە زۆر وڵاتی دونیا دا بڵاۆ

بووەتەوە، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی تووش کردوە و گیانی لێ ئەستاندوون. ئەگەر چی هەتاکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام شیمانەی ئەوە دەکرێ کە ئەم ڤیرۆسە لە ڕێگای ئاوی دەمی شەمشەمە کوێرە یان جۆرێک میرۆلەخۆر بە ناوی پەنگۆلین بۆ مرۆڤ گوازراوێتەوە. لەو بارەوە هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

لە باری ڤیرۆسناسیەوە SARS-CoV-2 زۆر نیزیکە بە SARS-CoV، بۆیە ئەویش هەر لەو بنەماڵەیەدا پۆلێن کردوە و ژمارەی دووی پێ دراوە.

هەر سێ ڤیرۆسی SARS-CoV، SARS-CoV-2 و MERS-CoV نە تەنیا لە نێوان گیانلەبەران بۆ مرۆڤ، بەڵکو لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤی دیکە دەگوێزرێنەوە.

 

نەخۆشی Covid-19

نەخۆشی Covid-19 ) ناوە کۆنەکەی 2019-nCoV)، بە هۆی ڤایرۆسی SARS-CoV-2 ەوە ڕوو دەدا و ڤیرۆسەکەش لە ڕێگای پرشەی ئاوی دەمەوە و لە کاتی پژمە یان کۆخین دا دەگوازرێتەوە. بە پێ پلەی گەرما و شێنایی ژینگەکەی، ئەو ڤیرۆسە دەتوانێ لە چەند کاتژمێرەوە هەتاکو چەند ڕۆژ بژیت. لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم بارەوە درێژەی هەیە.

لە ١٠ی ژانویەی ٢٠٢٠ دا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO هێندێک ڕێنوێنی کاتیی ڕوو لە وڵاتانی جیهان سەبارەت بە چۆنیەتی خۆ ئامادە کردن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڤیرۆسە، تاقی کردنەوەی نموونەکان، چۆنیەتی ناسینەوەی نەخۆشیەکە، وەرگرتنی نەخۆشەکان و چاودێری کردنیان و پێشگرتن لە بڵاو بوونەوەی هەو کردنەکە لە شوێنی چارەسەری و ژینگە، بڵاۆ کردەوە.

نیشانە بەرچاوەکانی نەخۆشیەکە، بریتین لە کێشەی هەناسە و هەناسە بڕکێ، یاو و کۆخە. لە دۆخی زۆر ئاڵۆز دا، تەنینەوەکە دەتوانێ ببێتە هۆی هەوکردنی سیپەلکەکان (پنێمۆنیا)، ئاڵۆزی توندی هەناسەدان، کێشەی گۆرچیلەکان و تەنانەت مردن.

Covid-19 تا ٨٠٪ بە شێوەی بێ زیان دەمێنێتەوە. زۆر جار ١٥٪ قۆرسە و ٥٪ ئاڵۆزە. لێکۆڵەرەوان وای بۆ دەچن کە ڕێژەی گشتی مردن بە هۆی ئەو ڤیرۆسە ٢ تا ٤٪ی تووشبووانە و لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازی هەیە.

هێندێک لە تووشبووان بەو ڤیرۆسە تووشی ئاسەمپیۆماتیک (واتە بێ نیشانەیی) دەبن. واتە هەڵگری ڤیرۆسن بەڵام هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکەیان تێدا نابیندرێ. ئەو جۆرە کەسانە دەتوانن ڤیرۆسەکە بگوزنەوە بۆ کەسی دیکە.

 

ڕێگاکانی گوێزرانەوە

یەک لە هۆکارە گرینگەکانی گویزرانەوەی ئەو ڤیرۆسە، بریتییە لە لێکخواردنی دەستەکان لە گەڵ دەست، لەش، شوێن یان تەن و مادەیەکی تەنیو. لە نێوەدا دەست لێ دان لە لووت، دەم و چاوەکان دەتوانێ ڕێگایەکی زۆر خێرا بێ بۆ گوێزرانەوەی ڤیرۆسەکە.

ڕێگاکانی پێشگیری لە بڵاو بوونەوەی ڤیرۆسەکە

  • شوردنی بەردەوامی دەستەکان بە ئاوی گەرم و ساون بۆ ماوەی ٣٠ چرکە،
  • دژە هەو کردنی دەستەکان بە شلەی ئەلکۆلیکی دژ بە تەنینەوە،
  • داپۆشینی دەم و لووتی کەسی تووشبوو یان کەسی بەرامبەر، ئاو تێوەدانی بەردەوامی لووت، دەم و قۆڕگ،
  • دەست نەدان لە چاو و تێڕۆ دا نەکردنی دەست لە دەم و لووت،
  • بە دەستەوە گرتنی دەسماڵێک لە کاتی کۆخە یان پژمە دا و خستنە نێۆ سەتڵ یان نایلۆنێکی سەر بەسراو. ئەگەر دەسماڵ لە بەر دەست دا نەبوو، دەتوانرێ ڕووی نێوەوەی ئانیسک بگیردرێتە بەر دەم و لووت،
  • پاراستی پاک و خاوێنی خوراک، شۆردنەوەی میوە و سەوزە و کۆلاندنی باشی هێندێک خۆراکی وەکو گۆشت و هیلکە،
  • پاراستنی دوورایی ٢ تا ٤ مێتر لە گەڵ کەسانی دیکە و بە تایبەت کەسی تووش بوو.
  • دوور کەوتنەوە لە شوێنی شلۆق و خۆ دوور گرتن،
  • مانەوە لە هاوێرگە (قەرەنتینە) لە کاتی بڵاۆ بوونەوەی پەتاکە،
  • گوێ گرتن بۆ ڕێنوێنیەکانی دەسەڵاتداران و پزشکان.

 

کەسانی بەر مەترسی

دیارە ئەو نەخۆشیە لە لای هەموو ڕەگەز و تەمەنێکی مرۆڤ بینراوە. بەڵام لای ئەم کەسانە زیاتر دەبیندرێ : مرۆڤی سەرەوەی ٦٥ ساڵ و ئەو کەسانە کە ئەم نەخۆشیە کۆنانەیان لە گەڵ دا بێ ؛

  • پەستانی خوێن
  • شەکرە
  • شێرپەنجە
  • نەخۆشی دڵ و دەمارەکانی
  • نەخۆشی دەزگای هەناسە

 

نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشی Covid-19

  • یاو
  • ئێشی قۆرگ
  • کۆخەی وشک
  • توندی یان کورتی هەناسە
  • ماندوویەتی و ئێشی ماسۆڵکەکان
  • سەر ئێشە
  • زکچوون

ئەم نیشانانە، هەوکردن و کێشەیەکی ئاڵۆزی سیپەلکەکان بە دوای خۆیان دا دێنن کە لە ڕێگای ڕادیۆگرافییەوە ئاشکرا دەبێ.

هەر وەها تاقیکارییەکی بیۆلۆژیک کە لە ڕێگای هەڵ گرتنەوەی ئاوی نێۆ لووت و قۆڕگەوە ئەنجام دەبێ، دەتوانێ هەبوونی ڤیرۆسی کۆرۆنا لە لەش ئاشکرا بکات.

 

خۆچارەسەری

ئەگەر ئەو نیشانانەت لە خۆ دا بینی، دەبێ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ماڵ دا بمێنیەوە و پەیوەندیت لە گەڵ کەسانی دەورو بەرت ببڕی. ئەگەر هەست بە ئالۆزی و خراپ بوونی حاڵت دەکەی دەبێ پەیوەندی بە دوکتور یان بەشی پەیوەندی دا بە چارەسەری کۆرۆناڤیرۆسەوە بکە. لە دوای چاک بوونەوە و نەمانی نیسانەکانی نەخۆشییەکە، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێری دیکە لە ماوە بمێنەوە. مەرجەکانی پاک و خاوێنی، پێشگیری لە بڵاو بوونەوەی پەتاکە و پاراستنی کەسانی دەورو بەرت بپارێزە.

 

چارەسەری پزشکی

هەتاکو ئێستا بکوت یان دەرمانێکی دیاری کراو بۆ پێشگیری و چارەسەری کرۆناڤیرۆس دروست نەکراوە یان نەدۆزراوەتەوە.

بەڵام هێندێک هەنگاو بۆ دروست کردنی بکۆتی دژ بە نەخۆشیەکە یان دەرمانی چارەسەری هاوێژراون.

لەو نێوە دا هێندێک دەرمانی وەکو Chloroquine (دەرمانی چارەسەری مالاریا)، دژە ڤیرۆسی Favipiravir، Lopinavir، Remdesivir و Ritonavir لە ژێر تاقیکاری دان و لەوانەیە بە زوویی بە سەر ژمارەیەکی زۆری نەخۆشەوە تاقی بکرێنەوە.

تەنیا چارەسەری پزشکی بۆ باری ئاڵۆزی نەخۆشییەکە بریتیە لە چارەسەری نیشانەکانی نەخۆشیەکە و پێدانی هەناسە لە ڕێگای دەزگا و ئامێری تایبەتەوە.

 

لێکۆڵینەوە و ئامادە کردنی

ئازاد سەڵواتی

 

 

سەرچاوەکان:

 

https://www.who.int

https://www.hug-ge.ch

https://www.santemagazine.fr

https://www.contagionlive.com

https://www.bag.admin.ch

https://www.nejm.org

https://www.biopharmadive.com

 

وێنەکان :

https://www.inspq.qc.ca

https://img.maxisciences.com

 

سەبارەت kurdazad