ئەزموون

”ئەزموون” (بە ئاڵمانی : Das Experiment ) ناوی فیلمێکی ئاڵمانیە کە لە ساڵی ٢٠٠١ دا لە لایەن ئۆلیڤیە هێرشبیگێلی دەرهێنەری ئاڵمانیەوە بەرهەم هێنراوە.
ئەو فیلمە چیرۆکێکی راستەقینەیە کە لە کتێبێک بە ناوی ” ئەزموون – جەعبەی ڕەش” ەوە وەرگیراوە. ئەو کتێبە لە ساڵی ١٩٩٩ دا لە لایەن ”ماریۆ گیۆردانۆ” ەوە نووسراوە، و لە سەر ئەزموونێکی پرۆفێسۆر فیلیپ زیمباردۆ نووسراوەتەوە کە لە ساڵی ١٩٧١ دا ئەنجامی داوە.
نێوەڕۆک،
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕەفتاریدا، ئاگاداریەک بۆ وەرگرتنی کەسانی خۆبەخش بڵاۆ دەکرێتەوە. بە پێ ئاگاداریەکە، هەر خۆبەخشێک بۆ هەر ڕۆژی بەشداری لە ئەزموونەکە کە بڕیار وایە دوو حەوتوو بخایەنێ، ١٥ دۆلار (کە بەرامبەر بە ٨٤ دۆلارە لە ساڵی ٢٠١١ دا) وەر دەگرێ. لە ئاکامدا ٧٠ کەس خۆیان بۆ ئەو ئەزموونە دەپاڵێون. دواتر هەموویان بۆ بەندیخانەیەکی ساختە کە دەکەوێتە ژێرزەویەوە دەگوازرێنەوە.
لە نێوان ئەو خۆپاڵیوانەدا، بیست پیاوی خۆبەخش بۆ ئەزموونەکە هەڵدەبژێردرێن.هەشت کەسیان وەکو پاسەوان و دوانزەکەی دیکە وەکو بەندکراو دادەنرێن و ڕۆڵ و ئەرکەکانیانیان پێ دەگۆترێ. لە باتی ناوەکانیان، بۆ هەر بەندکراوێک ژمارەیەک دادەنرێ. هیچ کەس مافی بانگکردنی ناوی گیراوێکی دیکەی نیە، و دەبێ هەر زیندانیەک تەنیا بە ژمارەکەی بناسرێتەوە و بانگ بکرێ.
لێکۆڵەران بۆ ماوەی دوو ‌حەوتوو لە ڕێگای کامێراوە چاودێری ڕەفتاری ئەو کەسانەیان کردوە.
لە ماوەی چەند کاتژمێری دەستپێکدا، پاسەوانەکان ڕۆڵەکەی خۆیان زۆر بە جیددی وەردەگرن، و بەندکراوان هەست دەکەن کە بە بارمتە گیراون. یەکێک لە بەندکراوان کاتێک دەبینێ کە ڕەفتار و کرداری پاسەوانەکان نامرۆڤانەیە، دژ بەوان دەوەستێتەوە. بۆیە وەکو دژبەرێک دەناسرێت.
هەرچەند لەو بەندیخانە ساختەیە دا توندوتیژی قەدەغەکراوە، بەڵام پاسەوانەکان دەست لە ئازار و ئەشکەنجەی بەرهەڵستکارەکە واتە ژمارە ”٧٧” ناپارێزن.
لە ڕۆژی دووهەمی دەستپێکەوە، ئەزموونەکە بە هۆی گۆشارەکانی پاسەوانان و بە تایبەت یەک لەوان کە ڕۆڵی سەرکردەی گرتووەتە خۆ، سەرهەڵدانی بەندکراوان دەست پێ دەکات و ئەزموونەکە لە کۆنترۆڵی لێکۆڵەران دەردەچێ.
تەنانەت یەک لە پاسەوانەکان لە لایەن هاوکارەکانیەوە، بە هۆی هەوڵدان بۆ هاوکاری لە گەڵ بەندکراوی ژمارە ٧٧ کە دەیویست دەرمان بگەینێ بە بەندکراوێ کە بە هۆی دیابێتەوە لە حاڵی مردندا بوو، سزا درا.
لەو کاتەوە کە پاسەوانەکان بۆیان دەردەکەوێ کە بە هۆی ئەنجامدانی توندوتیژیەوە ئەزموونەکە ڕاناوەستێ، قۆناغێکی نۆێ دەست پێدەکا. بۆیە بڕیاری جیاکردنەوەی بەندکراوان دەدەن و دەستدرێژی سێکسی و دوو مردنی لێ دەکەوێتەوە.
ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانێکی گەورە و جیددی لە لایەن بەندکراوانەوە، و بەو شێوە ئەزموونەکە لە شەشم ڕۆژی خۆیدا کۆتایی پێ دێ.
ئەنجامەکانی ئەو تاقیکاریە وەکو وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ نیشاندانی لەژێرکاریگەریدابوون و فەرمانبەرێتی تاکەکان، لە ئەگەری هەبوونی ئیدۆلۆژییەکی دەسەڵاتدار و پشتگری دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتی. هەر وەها بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن مرۆڤێکی باش لە هێندێک هەلومەرجدا بگۆڕدرێ بۆ مرۆڤێکی خراپ.
ژمارەیەک لە زانایانی دەروونناسی، ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٤ی گرتووەخانەی ”ئەبووغەریب” یان وەکو نموونەیەکی راستی ئەو ئەزموونە دەزانن.

کۆکردنەوە و وەرگێڕان: ئازاد سەڵواتی

سەبارەت kurdazad