یاڵچین کووچووک کێیە؟

ژیاننامە و چالاکی

یاڵچین کووچووکبنەماڵەکەی لە حەلەبەوە هاتوونەتە ئەسکەندەروون لە تورکیە. لە ١ی ژووییەی ١٩٣٨ لەو شارە لە دایک بووە. باوکی تورکمەنە و بنەماڵەی دایکی خەڵکی قەفقازن. دوای تەواو کردنی خوێندنی نێوەندی لە ئەسکەندەروون دەڕواتە ئانکارا بۆ خوێندنی زانستە سیاسییەکان لە زانکو ئانکارا. لە ماوەی خوێندنی دا بەرپرسایەتی ؛ فێدراسیۆنی کلووبه هزریەکان، فێدراسیۆنی کلووپی هزری سوسیالیستی، کلووبی هزریی دەڤ-گەنج و حیزبی ڕزگاری گەل بووە. لە ساڵی ١٩٦٠ دا خوێندنی زانستە سیاسییەکان بە پلەی یەکەم تەواو دەکا. لە یەکەم کوودەتای نیزامی تورکیە واتە کوودەتای ٢٧ی مەی١٩٦٠ دا سەرکردایەتی خۆپیشاندانی خوێندکارانی کردوە. لە دوای کوودەتاشەوە، لە تەشکیلاتی پلان داڕشتنی دەوڵەتدا دامەزرا. دوای ماوەیەکی کەم، گوازرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی دایرەی پلانە درێژماوەکان و دواتر دەستی لە کار کێشایەوە. دوایی چووە ئەمریکا بۆ خوێندن و لە زانکۆی یالە (Yale University) لیسانسی وەر گرتووە و لە بانکی جیهانیدا بۆ ماوەی چوار مانگ دەورەی بینیوە. لە ساڵی ١٩٦٦ لە زانکۆی ئۆرتادۆغۆ تێکنیک یۆنیوەرسیتەسیدا وەکو مامۆستا دامەزراوە. هاوکات لە گۆڤارەکانی “یۆن”، “ئەمەک” و “ئانێت” دا بابەتی لە سەر شۆڕشی سوسیالیزم نووسیوە. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٨-١٩٧٠ لە زانکۆی بیرمێنگهام، لە بەشی لێکۆڵینەوەی ڕووسیە و ڕۆژهەڵاتی ئۆروپا دا خوێندوویەتی و کاری لێکۆڵینەوەی کردوە و دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە بواری سوڤیەتۆلۆژیدا بە شێوەی کتێب بڵاۆ کردوەتەوە. بە هۆی بڵاۆ کردنەوەی ئەو کتێبە، سزای ٨ ساڵ زیندانی بە سەر دا سەپێندراوە.

لە ساڵی ١٩٧١ دا پۆستی یارمەتیدەری پرۆفێسۆری لە زانکۆ وەر گرت. بەڵام لە ١٢ی مارسی ١٩٧١، دوابەدوای دەست تێوەردانی سوپا و دەست لە کار کێشانەوەی حکوومەت، ئەویش لە کارەکەی دوور خرایەوە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٧٣-١٩٧٦ دا وەکو بەرپرسی بەشی ئابووریی ڕۆژنامەی جمهووریەت کاری کردوە. ساڵی ١٩٧٠ بەشدار بوو لە دامەزراندنەوەی “حیزبی کرێکارانی تورکیە” و لە ١٩٧٣ دا بانگکراوە بۆ خزمەتی سەربازی و بەشداری شەڕی داگیرکاری قوبرێس بووە. بە سەرهاتەکانی شەڕەکەی لە نامیلکەیەکدا بڵاۆ کردوەتەوە. یاڵچین لە ساڵی ١٩٧٥ەوە وەکو ئێدیتۆری ڕۆژنامەی “یورویۆش” کە نیزیک بوو بە پارتی کرێکارانی تورکیەوە، کاری کردوە. لە ساڵی ١٩٧٨ لە حیزبی کرێکارانی تورکیە دەر کرا. لە ساڵی ١٩٧٩ دا، لە گەڵ هاودەرکراوانی حیزبی کرێکار، گۆڤاری “سوسیالیست ئیکتیدار” واتە دەسەڵاتی سوسیالیستیان بڵاۆ کردەوە. لە هەمان ساڵدا وەکو مامۆستا لە ئاکادیمیای زانستی ئابووری و بازرگانی ئانکارا دەست بە کار بووە. بەڵام دوای کوودەتای ١٢ی سێپتامبەری ١٩٨٠، لە کار دوور خرایەوە. دەگوترێ چۆن یاڵچین لە بەرەی لایەنگرانی ئۆروپادا بووە، لە لایەن لایەنگرانی ئەمریکاوە، دوای وەدەست خستنی دەسەڵات، زیندانی کراوە. لە ١٩٨٣دا بە هۆی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی “بیر یەنی جمهووریەت ئیچین” واتە بۆ کۆمارێکی نۆی، زیندانی کراوە بەڵام دواتر بەخشراوە. لە ساڵی ١٩٨٧دا بووە بە مامۆستای “گازی یۆنیوەرسیتەسی” و لە ١٩٩٤ دا خانەنشین کراوە.

یاڵچین کۆچووک لە دوای کوودەتای ١٢ی سێپتامبەری ١٩٨٠ەوە هەوڵی زۆری دا بۆ ڕێکخستنی ڕووناکبیران دژ بە دەسەڵات. لە گەڵ عەزیز نەسین”ئایدینلەر دیلەکچەسی حەرەکەتی” واتە بزوتنەوەی داخوازنامەی ڕووناکبیرانیان ڕێک خست. لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٧-١٩٩٢ دا گۆڤارێکی مانگانەی سوسیالیستی بە ناوی “تۆپلۆمساڵ کۆرتولووش” بڵاو دەکردەوە. دوای داخرانی ئەو گۆڤارە، یەکێکی دیکەی بە ناوی “هەپ ئیلەری” واتە هەر بۆ پێشەوە، بڵاو کردەوە. دواتر ڕێکخراوی “ئۆزگوور ئەکین دەرنەیی” یان “ئۆزگوور یۆنیوێرسیتە”ی دامەزراند.

یاڵچین کووچووک و دۆزی کورد

لە دوای هاتنە سەر کاری سولەیمان دەمیرێل، لە ساڵی ١٩٩٣ دا دەڕواتە فەرانسە و لەوێ “ئێرانۆلۆژی” و “کوردۆلۆژی” دەخوێنێ و زمانی فارسی، کوردی سۆرانی و کۆرمانجی فێر دەبێ و کارەکانی لە سەر “ئۆنۆماستیک” (زانستی لێکۆڵینەوەی سەرچاوە، مێژوو و بە کار هێنانی ناوە تایبەتەکان) چڕ دەکاتەوە.

یاڵچین کووچووک و عەبدوڵڵا ئۆجەڵانیالچین کۆچووک، لە ساڵی ١٩٩٣ دا، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەڵان سەرۆکی پەکەکە دەڕواتە دۆڵی بەقاع لە لۆبنان. نێوەڕۆکی چاو پێکەوتنەکەی لە کتێبێک دا بە ناوی “سۆیلەشی” بڵاو کردەوە.  لەوە بە دواوە گۆڤاری جۆربەجۆری چەپی بڵاو کردەوە و بە بەردەوامی لە ئۆرگانی دەزگای میدیایی پەکەکە واتە مێد-تیڤی دا بەشداری پڕۆگرامی جۆراوجۆر دەبوو. لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی تانسۆچیلەردا دوای ئاگادار بوون لە پلانی کوشتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەواڵەکە دەگەینێتە پەکەکە و پلانەکە پووچەڵ دەبێتەوە.

لە ٢٩ی ئۆکتوبەر ١٩٩٨ دا گەڕایەوە تورکیە و بە تاوانی “کورتچوولووک پرۆپاگانداسی” واتە پرۆپاگەندەی کوردایەتی، سزای دوو ساڵ زیندانی بە سەر دا سەپێندرا.

لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بە تۆمەتی ئەندامێتی ڕێکخراوی نهێنی ئەرگەنەکۆن، قۆڵبەست کرا. دوای ١٢ ڕۆژ لە بەندیخانە ئازاد کرا. لە ساڵی ٢٠١١ بۆ جارێکی دیکە، بە هەمان تۆمەتی ئەندامێتی ئەرگەنەکۆن گیرایەوە. دوای دوو ساڵ لە گیرانی، لە ساڵی ٢٠١٣ دا، حوکمی ٢٢ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بە سەر دا سەپێندرا. لە ١٠ی مارسی ٢٠١٤، دوای تێپەڕاندنی ٥ ساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرا.

یاڵچین هەر لە سەرەتای دروستبوونی هەریمی باشووری کوردستانەوە، دژایەتی دەسەڵاتی کوردی کردوە و پشتگری سەدام حوسەین بووە.

ناوبراو خاوەنی چەندین بەرهەمی نووسین  و کتێبە و گۆمانی ئەوەی لێ دەکرێ کە هێندێک بەرهەمی ئارشیڤی فەرەنسی دەستکاری دەکا و بە ناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە. ناو براو لە پڕۆگرامێکی تلویزیۆنی تورکیەدا هەڕەشەی لە کوردان کرد و وتی “لە کۆبوونەوەیەکدا ژنێکی کورد پێڵاوی تێ گرتووم. ئێوە دەبینن چی بە سەر کورددا بێنین. ئەوان دەیبیننەوە”.

هێندێک کتێب و بەرهەمی کووچووک

  • تەکەلیستان
  • تورکیە ئۆزەرینە تێزلەر، واتە تێزەکان لە مەڕ تورکیە
  • گێزلی تاریخ، واتە مێژووی شاراوە
  • ئایدین ئۆزەرینە تێزلەر، واتە تێزەکان لە مەڕ ڕووناکبیر
  • چاوپێکەوتن لە گەڵ ئۆجەڵان

 

کۆکردنەوە و وەرگێڕان :

ئازاد سەڵواتی

 

سەرچاوە :

https://tr.wikipedia.org
https://www.kurultay.net
https://odatv4.com
https://www.youtube.com

سەبارەت kurdazad