چەند وێنەی نۆێکراوەی هۆنەرمەند حەسەن زیرەک

حەسەن زیرەک لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) لە دایکبووە. ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی بلیمەت و ناسراوی کورد بوو. ناوی باوکی عەبدوڵڵا و دایکیشی ناوی ئامینە. باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لەبەر لێھاتووی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد بوو. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە. ئەم هونەرمەندە گەورەیە، زیاتر لە ١١٠٠ گۆرانی چریوە. هەر وەها لەگەڵ “محەممەد ماملێ“، “مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە”، “عوسمان بۆکانی” و “ئەحمەد شەماڵ” و زۆر گۆرانیبێژی دیکەی کورد گۆرانی گوتووە. «ماڵی بابم بێ وەفا» یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە، ساڵی ١٣٣٨ی ھەتاوی پێکەوە بە یارمەتی تیپی مۆسیقای کرماشان تۆماریان کردووە. “بەرھەڵبێنە” و “ھەوارە، گوڵم ھەوارە” دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەوەیان گوتوون. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، پشت بەستنی ئەو بە گۆرانی فۆلکلۆرییە. ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لای خەڵکەکەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان، جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بووە. ئەو گۆرانییانەی لە خەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بووە. ھەرچەند زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی. زیرەک کەڵکی لە هۆنراوەکانی ژمارەیەک لە هەڵبەستوانە کوردەکان وەر گرتووە. بۆ وێنە شیعری «شەو» ی سەید کامیل ئیمامی کردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەک جگە لە گۆرانی کوردی، بە زمانەکانی فارسی و ئازەرییش گۆرانی وتوەتەوە. «گویلدر» یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی.

حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە. لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان، پارێزگای ورمێ کۆچی دوایی کرد و ھەر لەوێش نێژرا.

 

سەبارەت kurdazad