شاری گاسوور بناسە!

گاسوور، نووزی (یان نووزو) شارێک بووە لە میزۆپۆتامیای کۆن و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کەرکوک لە عێراقی ئەمڕۆ، نزیک ڕووباری دیجلە. ناوی نووزی یا نووزو ئەو ناوەیە کە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین هەڵیگرتووە. پێش ئەو سەردەمە بە گاسور ناسرابوو. شوێنی وێرانەکانی ئەم شارە دێرینە ئەمڕۆ ناوی یۆرغان تەپەیە.

لە هەڵکۆڵینەکانی نێوان ساڵانی ١٩٢٥ هەتا ١٩٣٢ نزیکەی ٥٠٠٠ لەوحی بزماری کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٤ و ١٥ی پێش زایین لە شوێنەوارەکانی ئەو شارە دا دۆزرانەتەوە. پێش زایین، کاتێک نوزی شارۆچکەیەکی بچووک بوو لە شانشینی ئارافا (کەرکوک)، خۆی وابەستەی شانشینی زلهێزی میتانی بوو، و دانیشتووانەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی حورییەکان بوو، کە گرووپێکی نەتەوەییە و ئەم بەڵگەنامانە بەڵگەنامەی بەنرخی لەسەر دەخەنە ڕوو.

هەڵکۆڵینەکان

لەوحە و پارچە لەوحەکانی ناوچەی کەرکوک بۆ یەکەم جار لە بازاڕی کەلوپەلی دێرینە لە بەغدا بینراون.
لە ساڵی ١٩٢٥ لە ژێر ڕێنمایی ئێدوارد چیێرا یەکەم هەڵکۆڵینی فەرمی لە هەریمەکە دەستی پێکرد. دواتر ڕۆبەرت ئێچ فایفەر (١٩٢٨-٢٩) و ڕیچارد فرانسیس سترۆنگ ستار (١٩٢٩-٣٠ و ١٩٣٠-٣١) شوێنی ناوبراویان گرتەوە و هەڵکۆڵینەکان درێژەیان هەبوو. تێچووی هەڵمەتەکە لەلایەن مۆزەخانەی هارڤارد و قوتابخانەی ئەمریکی توێژینەوەی ڕۆژهەڵات لە بەغدا دابین دەکرا .
لە ئاکامی هەڵکۆڵینان، کۆشکێک، پەرستگایەکی دوو کەسی و شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر تێلەکەی ناوەڕاست و دوو شوێنی نیشتەجێبوونی گەورە لە باکووری شوێنەکە دەرکەوتن.

چەندین شیکاری چینایەتی لەسەر شوێنی گاسوور ئەنجامدرا بە مەبەستی پێناسەکردنی کرۆنۆلۆژیایی. لە ئاکامدا ١٢ ئاستی شوێنەواریی (I تا دوازدەهەم لە دوایینترینەوە تا کۆنترین) ئاشکرا بوون.
ئاستە سەرەکییەکانی هەڵکەندراو مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٤ و ١٥ی پێش زایین (کۆتایی سەردەمی برۆنزی).

سەبارەت بە قۆناغە مێژووییە سەرەتاییەکان، لە ڕووپێوییەکان دا مادەی شوێنەواریی کۆتاییەکانی سەردەمی حەلەفی (لە ناوەڕاستی هەزارەی شەشەمی پێش زایین)، کۆپەی ڕەنگاوڕەنگی پۆلیکرۆم و شوێنەواری بیناسازی پەیدا بوون. پاشان لە ئۆبێدی باکوور، شوێنەواری هەزارەی پێنجەمی پێش زایین و سەردەمی ئوروک دەستنیشان کران. هەر وەها چینی نیوەی دووەمی هەزارەی چوارەمی پێش زایین ئاشکرا کرا و ژمارەیەک قاۆی چەقێنراوی سەر لێوارەکان وە دەر کەوتن.

بە گوێرەی ئەو کەل و پەل و ماددانە کە لە هەڵکۆڵینەکاندا دۆزراونەتەوە
شارەکە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین دا داگیرکراوە. بە پێ کۆمەڵێکی زیاتر لە ٢٠٠ لەوحە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی نارام-سین (نزیکەی ٢٢٥٤-٢٢١٨ پێش زایین)، ناوچەی یۆرغان تەپە لە هەزارەی سێهەمدا لە ژێر دەسەڵاتی ئەکادەکان دا بووە.
لە سەردەمی ئاکادییەکاندا ناوی شارەکە “گاسوور” و بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی ئەکاد، کە میزۆپۆتامیاى سەرەوەى ژێردەستە کردبوو.

لەوحە دۆزراوەکان بەشێک بوونە لە ئارشیڤی کارگێڕێک بە ناوی “زوزو” کە ئەندامی بنەماڵەی شاهانەی ئەکەد بووە. ئەو لەوحانە دوو بابەتیان تێدا تۆمار کراوە : -دابەشکردنی زەوی بەرامبەر بە هێندێ ئێمتیاز، بەسەر کەسانی سەر بە کۆشک یان کرێچییەکان. -دابەشکردنی بەشەخۆراک.

هەژموونی ئەکاد لە دەیەکانی یەکەمی سەدەی بیست و دووی پێش زایین کۆتایی هاتووە. نووسراوێک لە پاشایەکی ئاسورەوە کە لە دەوروبەری ئەم قۆناغەدا حوکمڕانی کردووە، بە ناوی ئیتیتی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شاری گاسووری گرتووە و تاڵانی کردووە.

ئەم ئاستانەی خوارەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بێ گومان شارەکە لە دوای ئەوە بەردەوام بووە لە داگیرکردن، بەو پێیەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەوحێک لە سەردەمی ئوری سێیەم (سەدەی بیست و یەکەمی پێش زایین) دەرکەوتووە، پاشان هەندێکی دیکە لە جۆری پالیۆ-بابلی و پالیۆ-ئاشووری (سەدەی یەکەمی هەزارەی دووەمی پێش زایین). مێژووی دروستکردنی دیواری شوێنەکە دەگەڕێتەوە و ئاستە کۆنەکانی کۆمەڵگەی پەرستگاکە دەگەڕنەوە بۆ ئەو سەردەمە.

ناسراوترین قۆناغ لە مێژووی یۆرغان تەپەدا، چ لە ڕێگەی شوێنەوارناسی و چ لە ڕێگەی دەقەکانەوە، سەردەمی سەدەی ١٥ – ١٤ پێش زایینە. ئەوکاتە شارەکە ناوی نوزی بووە، و بەشێک بووە لە شانشینی ئارافا (کەرکوک)، کە بەشێک بووە لە شانشینی میتانی (بە دەستەواژەی هانیگەلبات لە دەقەکانی نوزیدا دەستنیشان کراوە) بۆ ماوەیەکی نادیار ( لەوانەیە هەتا نیوەی دووەمی سەدەی پازدەهەمی پێش زایین).
بەڵگە و شوێنەوارەکان نیشان دەدەن کە دواتر بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە گوتراوە حوری [هووری، هۆری یا خۆری].
ئاستە شوێنەوارییە هاوتاکان، کە نوێترینن لە کرۆنۆلۆژییە شوێنەوارییە جیاوازەکانی شوێنەکە، ئاماژەن بۆ کولتوورێکی هاوشێوەی ئەوانەی کۆتایی سەردەمی میتانی، و سەرەتای سەردەمی ماد و ئاسووری، کە بە وێران بوونی شارەکە لە دەوروبەری ساڵی ١٣٤٠ پێش زایین کۆتایی دێت.

بەڵگە و شوێنەوارەکان زۆر کەم باس لە ڕووداوە مێژووییەکانی ئەم قۆناغە دەکەن. تەنیا چەندین دەق ئاماژە بە سەرهەڵدانی دەسەڵاتی ئاشوور دەکەن کە لە دەوروبەری ناوەڕاستی سەدەی ١٤ی پێش زایین جێگەی میتانییەکانیان گرتوەتەوە. لەو قۆناغەدا پەیوەندییەکان سەرەتا ئارامن (پەیوەندییە بازرگانییەکان، بوونی نێردەی دیپلۆماسی ئاشووری لە شانشینی ئارافا). بەڵام دواتر شەڕ و پێکدادان ڕوو دەدات. هەندێک دەقی نوزی باسی پێکدادانێک لە نزیک شاری تورشا، لە ناوچەی ڕۆژئاوای شانشینی ئارافا دەکەن. بۆیە شارەکە زیاتر بە هۆی هێرشی ئاشوورەوە وێران بووە.

بۆیە لەو قۆناغە بە دواوە ئیتر ئارشیڤ و دەقەکان لە شوێنەکە بوونی نیە.

دواتر لەو شوێنە ژمارەیەک خانوو و قەبرستانێک و دراوێکی ئاسنی سەردەمی ساسانییەکان دۆزراوەتەوە کە هی سەردەمی شاپوری یەکەمە (240-270).

یەکێک لە کۆنترین نەقشەکانی دونیا کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین لە گاسوور دۆزراوەتەوە.

https://antikforever.com/nuzi_urkesh/

https://antikforever.com/nuzi_urkesh/

https://www.penn.museum/sites/bulletin/649/

https://ancientneareast.tripod.com/Arrapha_Kirkuk.html

https://archeorient.hypotheses.org/tag/nuzi

https://antikforever.com/hourrite/

https://www.jewishvirtuallibrary.org/nuzi

https://fr.wikipedia.org/wiki/Nuzi

https://fr.wikipedia.org/wiki/Arrapha

https://biblearchaeology.org/research/patriarchal-era/3492-great-discoveries-in-biblical-archaeology-the-nuzi-tablets%20(30

 

 

 

سەبارەت kurdazad