کۆماری ئارارات، یەکەم کۆماری کوردان

کوده‌تاکه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ئیتحاد و ته‌ره‌قیی تورکی به ‌سه‌ر سوڵتان عه‌بدوڵحه‌میدی دووه‌م لە ساڵی ١٩٠٨ی زایینی دا، ڕێگەی‌ بۆ کورد خۆش کرد، هەتا بتوانێ پارت و کۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به ‌خۆی دابمه‌رزێنێت. 
له ‌ڕێکه‌وتی ٢٥/٩/١٩٠٨ کۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی و ته‌ره‌قی کورد لە شاری ئێستامبووڵ، پێته‌ختی ئه‌و کاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانلی، له‌لایه‌ن شێخ عه‌بدولقادری نه‌هری و ئه‌مین عالی به‌درخان  و ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشای خه‌ندان و خه‌لیل خه‌یاڵی و داماد ژوکفل پاشا و چه‌ندان که‌سایه‌تی تری نیشتمانپه‌ره‌وری  کورده‌وه‌، دامەزرا و دواتر ژمارەیەک ڕووناکبیر، ئه‌فسه‌ر و قوتابی کورد که ‌له‌ زانکۆکانی شاری ئه‌سته‌نبوڵ ده‌یانخوێند، په‌یوه‌ندیان به‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌وه‌ کرد. یه‌کێک له‌و ئەفسەرە کوردانە کە پەیوەندی بە خویبوونەوە کرد، ئیحسان نوری پاشا بوو.
دوای واژۆکردنی په‌یمانی سیڤه‌ر له ڕێکەوتی١٠/٨/١٩٢٠ دا، به ‌پێی به‌نده‌کانی (62 و 63 و 64) بڕیار له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردی درا. ئەوە بوو ژه‌نه‌ڕاڵ ئیحسان نوری پاشا هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی بکا بە شۆڕش و ڕاپه‌رینانه‌ی ئەو کاتی کورد کە لە ناوچه‌ جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا سەریان هەڵدابوو و لە گۆڕێدا بوون.

زۆرێک لەم نیشتمانپەروەرانی کورد لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٧دا، لە لادێیەکی پەنای چیای ئارارات، بە ناوی “کورداڤا” کۆبوونەوەو کۆماری سەربەخۆی ئاراراتیان راگەیاند، ئێحسان نووری پاشایان وەکو سەرۆک کۆمار و “ئیبراهیم حەسکی” وەکو سەرۆک وەزیر دیاری کرد و خۆییبوونیان وەک ” ئۆرگانی باڵای نەتەوەیی کە ھەموو دەسەڵاتێکی تایبەتی نەتەوەیی‌و نێودەوڵەتی ھەبێت” راگەیاند و داوای پشتگرییان لە زلهێزەکان و کۆمەڵەی نەتەوەکان کرد کە پشتگرییان بکەن دژ بە دەوڵەتی عوسمانلی و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردتان. سەرکردایەتی ئەم رێکخراوە تازەیە باوەڕی وابوو کە کلیلی سەرکەوتنی خەبات بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لە وەفاداری خێڵەکیی دا نیە، بەڵکو لە رێگەی بەکارھێنانی ھێزی سەربازیی گونجاوی ئەوتۆوە دێتە دی کە بەرنامەبۆدانراو‌ و رێکخراوبێت. 

 لە ساڵی ١٩٢٨ دا، ئیحسان نوری پاشا گروپێکی بچوکی سەربازی کۆکردەوە کە بە چەکی ھاوچەرخ چەکدارکرابوون و خول و تاکتیکی سەربازی پیادەیان بینیبوو. ئەم ھێزە شۆڕشی خۆییبوونی دەستپێکرد بە رۆیشتنیان بەرەو چیای ئارارات. نوری و پیاوەکانی نەک تەنیا سەرکەوتن و گەیشتنە ئارارات، بەڵکو توانیان شارەکانی وان ، بیلیس ، موش ، ئیگدیر ، کارس (قارس) لە پاشماوەی عوسمانیەکان بسڕنەوە. سوپای تورک ھەوڵی دا شۆڕشەکە ھەر لە سەرەتاوە دابمرکێنێتەوە، بەڵەم ھەوڵەکەیان لەبەر هاوکاری نەکردنیان لە لایەن ئێرانەوە، شکستی هێنا.

لە ساڵی ١٩٣٠دا، سوپای تورک بە شێوەیەکی شەڕەنگێزانە دەوری چیای ئاراراتیان دا‌و تا کۆتایی مانگی حوزەیران زیاد لە ١٠ ھەزار سەربازیان بردە ئەوێ. ژمارەی ھێزەکانی ھەردوولا لە زیادبووندا بوو، چونکە خێڵە کوردەکانیش لە پەیوەندیکردندا بوون و نزیکەی ٦٠ ھەزار سەربازی تری تورک لەلایەن حکومەتی تورکەوە بانگکران.

هاوکات لە گەڵ دەستپێکی گەمارۆەکانی سۆپای تورک، ھێزێکی سوارچاکانی بارزان بە فەرماندەیی شێخ ئەحمەدی بارزانی، چوونە یارمەتی شۆڕشگێڕانی ئاراراتەوە. سمکۆی شکاکیش لە ڕۆژهەڵاتەوە چووە یارمەتی ‌بەرگریکارانی کۆمارەوە.کوردەکانی سوریەش بە تێکدانی هێڵی شەمەندەفەر و هێڕش بۆ سەر گوندە تورک نشینەکان و پەلاماری چەکدار لە هێندێک ناوچە، یارمەتیدەری خۆیبوون و خەباتگێڕانی کورد بوون.

بە هاوکاری ئێران، سۆپای تورک توانی چیای ئارارات بە تەواوەتی گەمارۆ دا. هەروەها  سەربازە ئێرانییەکانی بۆ پێشگرتن لە پەیوەست بوونی زیاتری عەشایر و شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات بە وڵاتپارێزانی ئاگری، سەر سنووری ئێران -تورکیایان داخست. لە بەرامبەر ئەو یارمەتییەی ئێرانیەکاندا زەوییەکانی نزیک قوتور و بەرزیرگان (بازرگان) درا بە ئێران.

لە کۆتاییدا شۆڕشە رێکخراوەکەی چیای ئاگری، لە پاییزی ١٩٣٠ دا، تێکشکێنرا. ھەروەک ئەنجامی راپەڕینە کوردییەکانی پێشووتر، حکومەتی تورک بەرامبەر بە شۆڕشگێڕە کوردەکان بێبەزەییانە جووڵایەوە. ئێحسان نووری پاشا توانی خۆی دەربازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا و دواتر خۆی ڕادەستی حکوومەتی ئێران کرد. حکوومەتی ئێران ئێحسان نووری پاشایان تەسلیمی تورکەکان نەکردەوە و بۆ ماوەیەک خستیانە زیندانەوە. دواتر لە ماڵێکدا دەست بە سەر ڕاگیرابوو و درێژەی ژیانی هەتا مردن لە ئێران مایەوە. دوای مردنی، لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران نێژرا.

ئەگەرچی شۆڕشی ئاگری و کۆماری ئارارات تێکشکێندران، بەڵام بۆ یەکەمجار کورد توانی ھێزێکی چەکداری نیشتمانی دابمەزرێنرێت کە لە خزمەتی ئامانجی نەتەوەخوازیی کورد دا بوو. هەروەها کاریگەریی سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان، وەک سەرکردەی چەکداری، کز کرا و کەم بووەوە.

شۆڕشی خۆییبوون شێوازێکی نوێی ھاوکاری نێودەوڵەتیی دژی کوردەکان ھێنایەکایەوە. دواتر گۆڕینەوەی زەوی لەنێوانی دوو وڵاتی دراوسێدا دەبینرێتەوە کە سەرەڕای جیاوازییان، بۆ سەرکوتکردنی توانای سەربازیی کوردەکان رێکدەکەون.

 

سەرچاوە :

سەبارەت kurdazad