دۆغۆ پەرینچەک كییە؟

دۆغۆ پەرینچەک دۆغۆ پەرینچەک لە ١٧ی ژۆئەنی ١٩٤٢ لە قازی ئەنتاب، باکووری کوردستان لە دایک بووە. باوکی خەڵکی ئەرزینجانە و ناوی ئەرزینجان کەمالیەلی سادیک پەرینچەکە و دایکی خەڵکی ماڵاتیایە و ناوی لەبیبە پەرینچەکە. باوکی، چوار خۆلی پارلەمان وەکو نوێنەری ئەرزینجان، لە سەر لیستی “ئەدالەت پارتیسی” نوێنەرایەتی کردووە و هاوکات وەکو یارمەتیدەری دادوەری گشتی ئەو شارە کاری کردوە. هاوسەرەکەی ناوی شوولە (شۆعلە)پەرینچەکە و چوار منداڵ، دوو کچ و دوو کوڕیان هەیە. هاوسەرەکەی خوێندنی لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئانکارا تەواو کردوە و وەکو ڕۆژنامەنووس کار دەکا.

پەرینچەک خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە ئانکارا تەواو کردوە و هەر لەوێش چووەتە زانکۆی “ئانکارا یۆنیوێرسیتەسی هۆکووک فاکوولتەسی” و لە فاکوولتەی مافناسی خوێندوویەتی. لە سەردەمی خوێندنیدا لە ساڵی ١٩٦٢ چووەتە ئاڵمان و بۆ ماوەی ١٠ مانگ کارێکاریی کردووە. لە ساڵی ١٩٦٤ دا، دوای تەواو کردنی لیسانسی فێرکاری، لە فاکوولتەی مافە گشتیەکان (تیوری دەوڵەت و ئازادییە گشتیەکان)، پلەی یارمەتیدەری پێ دراوە. لە هەمان ساڵەوە، بیرۆکەی سوسیالیزمی زانستی پەسند دەکا و بە دواداچوونی بۆ دەکا.

ناوبراو، ماوەی چوار ساڵ بەڕێوەبەری “سیاسی ئیلیملەر دەرنەیی” ڕێکخراوی زانستە سیاسییەکان و چوار ساڵێش “تورک هۆکووک کۆرۆمۆ” دامەزراوەی مافەکانی تورک بووە. لە ساڵی ١٩٦٨ دا، بە پێشکەش کردنی تێزی “یاسای قەدەغە کردن و ڕژیمی نێۆخۆیی پارتە سیاسیەکانی تورکیە”، دوکتورای مافناسی وەرگرتووە. لە هەمان سەردەمیشدا بوو بە سەرۆکی “فیکیر کلۆپلەری فێدراسیۆنو (دەڤ-گەنچ)، فێدراسیۆنی کلوپە هزریەکان و لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٦٨ دا، سەرکردایەتی چالاکیەکانی لاوانی دەکرد. هەر لەو ساڵەدا خۆی و ئێکیپەکەی لەو دەڤ-گەنچ دەر کران. دوای دەرکرانی، لە گەڵ هاوڕێیانی، گۆڤاری “ئایدینلیک”یان دەر کرد. لە ساڵی ١٩٦٩ دا “تورکیە ئیهتیلالجی ئیشچی کۆیلوو پارتیسی (ت ی ی ک پ)، پارتی شۆڕشگێڕی کرێکاران و جووتیارانی تورکیەی دامەزراند. دوای کوودەتاکەی ساڵی ١٩٧١، گیرا و سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندرا. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٤دا کەوتە بەر لێبوورینی گشتی و ئازاد کرا.

پەرینچەک لە هەمان ساڵی ١٩٧٤دا دیسانەوە بە تاوانی هەوڵدان بۆ نفووز لە ئەرتەش، بەشداری لە “کارا کوەتلەر دەڤریمجی سوبایلەر ئۆرگوتو” ڕێخکراوی ئەفسەرانی شۆڕشگێڕی هێزی زەوینیی، و “شەفەک سۆبایلەر گروبو” گرووپی ئەفسەرانی شەفەق، دادگایی کرا. لە ٢٨ی ژانویەی ١٩٧٨ “تورکیە ئیشچی کۆیلو پارتیسی” پارتی کرێکاران و جووتیارانی تورکیەی دامەزراند و گۆڤاری “ئایدینلیک”ی گۆڕی بۆ ڕۆژنامە.

دۆغۆ پەرینچەک لە دوای کودەتای ١٢ی سێپتامبەری ١٩٨٠ بە هۆی پشتگری کوودەتا و بڵاۆ کردنەوەی بابەت لەو بارەوە، قۆڵبەست کرا و سزای ٨ ساڵی بە سەردا سەپێندرا. لە ١٩٨٥ لە زیندان ئازاد کرا. لە ژانویەی ١٩٨٧دا وەکو بەڕێوەبەری گۆڤاری حەوتووانەی “٢٠٠٠ە دۆغرۆ” بەرەو ٢٠٠٠، دەست بە کار بوو. لە هەمان ساڵدا سەردانی لۆبنانی کرد و چووە “دۆڵی بەقا” و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەڵانی سەرۆکی پەکەکە کەوت. لە گەڕانەوەیدا چاوپێکەتنەکانی لە گۆڤارەکەیدا بڵاۆ کردەوە و دواتر کردنی بە کتێب.

لە ساڵی ١٩٩١ دا قەدەغەی چالاکییە سیاسیەکان لە سەری لا برا، لە کۆنگرەی دووهەمی حیزبی سوسیالیستی تورکیە بوو بە سەرۆکی ئەو پارتە و لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥ دا بە لە سەر لیستی پارتی سوسیالیست چووە پەرلەمانەوە. لە ٢٨ی فێڤریەی ١٩٩٧ دا کامپەینی “جومهووریەت دەڤریمی کانوونلەرێ ئۆیگۆلانسن” یاساکانی شۆڕشی کۆماری جێبەجێ بکرێن، دەست پێ کرد.

پەرینچەک دۆژمنی لایەنگرانی ئەمریکا بوو و دژایەتی تۆرگووت ئۆزاڵی دەکرد و تانسۆ چیلەری بە سیخۆڕی سی ئای ئەی دەزانی.

لە ساڵی ٢٠٠٥ بە هۆێ حاشا کردن لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیەکان لە سویس ‍دادگایی کرا و سزای ٩٠ ڕۆژ زیندانی تەعلیقی بۆ بڕایەوە و سزای پارەی بە سەردا سەپێنرا. دژ بە بڕیارەکەی دادگای سویس، پەرینچەک داوایەکی بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئۆروپا بەرز کردەوە و لە ٢٠١٥ دا داواکەی بردەوە.

لە ٢١ی مارسی ٢٠٠٨ دا پەرینچەک و ژمارەیەک دیکە لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی تورکیە کە لە دوای داخرانی پارتی سوسیالیستەوە دایانمەزراندبوو، بە تاوانی ئەندامەتی ڕێکخراوی “ئەرگەنەکۆن” کە بە حکوومەتی سێبەر دەناسرێ، قۆڵبەست کران. دادگا سزای ١١٧ ساڵ زیندانی بە سەر پەرنچەکدا سەپاند. بەڵام لە ٦ی مارسی ٢٠١٤دا ئازاد کرا.

پەرینچەک لە ٢٠١٨ دا بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیەی کرد و نیزیک ١٠٠ هزار دەنگی وە دەست هێنا.

 

 

سەبارەت kurdazad