هەڵەیە ئەگەر کورد هاوکاری خۆی لەگەڵ ئەمریکا ببەستێتەوە بە داوای فیدراڵییەوە!

لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شتێکی بنەڕەتی هەیە کە زۆرجار لە یاد دەچێت: هیچ گارانتییەکی هەمیشەیی بۆ داهاتوو نییە. هاوپەیمانێتییەکان، پەیوەندییەکان و ستراتیژییەکان بە گوێرەی بەرژەوەندی و هاوکێشەی هێز دەگۆڕدرێن. بۆیە هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئەگەر بخوازێ بگەیتە ئامانجەکانی، پێویستە بە واقعبینییەکی سیاسی و بە تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان ستراتیژیی خۆی دابنێت.

لەو چوارچێوەیەدا پێویستە سەرەتا دوکتورینی نوێی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێزی پرۆکسی یان هاوپەیمان بۆ دەستتێوەردانی نیزامی لە وڵاتاندا وەبیر بهێنرێتەوە. لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا ئەمریکا زۆرجار لە جیاتی شەڕی ڕاستەوخۆ، هەوڵی داوە بە هاوپەیمانانی ناوخۆیی و هێزە ناوچەییەکان بگاتە ئامانجە ستراتیژیکەکانی. ئەوەی کە ئیمڕۆ باس لە هاوکاری هێزە کوردییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵات دەکرێت، هەر لەو زەمینەدایە.
بێگومان واشنگتن نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە سەرانسەری ئێراندا خەریکی دۆزینەوەی هێزی جێگای متمانەیە هەتا بتوانێت کارە نیمەکەی تەواو بکات.

بۆچی کورد بژاردەیەکی جێگای سەرنجە؟

لەو هاوکێشەیەدا کورد وەک بژاردەیەکی بەهێز و ئاشکرا هاتووەتە بەر باس. هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە باشووری کوردستان، عێراق و سوریە ڕێگای دەستتێوەردانی زەوینی لە ئێران ئاسانتر دەکات. هەر لەبەر ئەوەشە کە لە ڕاستیدا کورد لە ئێستادا یەکێکە لە باشترین بژاردەکان بۆ ستراتیژیی واشنگتن.

پەیوەندی گرتنی ئێسرائیل و ئەمریکا بە حیزبە کوردییەکانەوە لە سەردەمی شەڕی ١٢ ڕۆژە و داواکارییە دووبارەکانی ئەمریکا بۆ چوونەوەی هێزە کوردییەکان بۆ خۆرهەڵات، نیشان دەدات کە ئەمریکا، بە تایبەتی لە سەردەمی ترامپدا، دەیهەوێت بە هەر جۆرێک بێت کاری ئێران یەکلایی بکاتەوە.
لەو نێوەندەدا کورد بە گوێرەی ئەزموونی سەرکەوتووی خۆی لە عێراق و سوریە، توانای ئەوەی نیشان داوە کە ببێتە هاوپەیمانێکی کاریگەر.

بە کورتی: ئەمریکا مەجبوورە هاوپەیمانییەکی تەنانەت تاکتیکی لەگەڵ کورد پێک بێنێت بۆ دەستتێوەردان لە ئێران.

بەڵام چ جۆرە هاوپەیمانێتییەک؟

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئەم هاوپەیمانێتییە چ شێوەیەک دەبێت؟
بێگومان ئەم هاوپەیمانێتییە کاتییە و سنووری هەیە؛ لەوانەیە هەتا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هیچ هاوپەیمانێتییەک هەمیشەیی نییە، بەڵکو هەموویان بە گوێرەی بەرژەوەندییەکان دەگۆڕدرێن.

ئەی دوایی چی؟

ئەوەی کە زۆرجار نادۆزرێتەوە لەو گفتوگۆیانەدا، پرسیارێکی سادەیە:
دوای ئەو قۆناغە چی دەبێت؟

وەڵامەکە ڕوونە: کورد دەبێت لە ئێستاوە مەرجەکانی خۆی دیاری بکات و بیکاتە بنەمای هەر هاوپەیمانێتییەک. واتە نابێت تەنیا وەک هێزێکی تاکتیکی بەکاربهێندرێت؛ بەڵکو پێویستە هەر لە ئێستادا ڕوونی بکاتەوە کە ئەم هاوکارییە بۆ چییە و کورد لە بەرامبەر ئەوەدا چی دەوێت.

ئەزموونی باشوور و خۆرئاوا چی فێر دەکات؟

ئەزموونی باشووری کوردستان و خۆرئاوا فێرمان دەکات کە داواکارییەکانت دەبێت نەتەوەیی و ڕوون بن. واتە:

– سنووری ناوچە کوردستانییەکان دەبێت دیاری بکرێت.

– دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنەوەی ڕاستەقینە دەبێت هەبێت.

– گارانتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئەو مافانە پێویستە.

لەبەر ئەوە پێش لەوەی داوای بەش لە دەسەڵاتی تاران بکرێت، پێویستە داوای ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان بکرێت لە چوارچێوەی سنووری ناوچە کوردستانییەکاندا. هەروەها پێویستە گارانتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئەو مافانە لە بەرامبەر دەستتێوەردانی ناوچەیی، بە تایبەتی لەلایەن تورکیەوە، هەبێت.

بۆچی ئۆتۆنۆمی بەر فراوان؟

پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە:
بۆچی نابێ کورد خۆی بە فیدراڵییەوە ببەستێتەوە؟

سیستمی فیدراڵ زۆرجار لە دوو حاڵەتدا دروست دەبێت:

– هەموو ئێران بە جارێک لە کۆماری ئیسلامی ڕزگار دەبێت و هەر گەلێک داواکارییەکانی خۆی بە پشتگیری هێزی سیاسی و چەکداری خۆی بسەپێنێت. ئەم سناریۆیە لە ئێستادا زۆر شیمانە ناکڕێت.

– یان کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت و دواتر بە ڕێفراندۆمێکی سەرانسەری جۆری سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا دیاری دەکرێت. ئەمەش ڕیسکێکی گەورەی تێدایە و کورد نابێت داهاتووی خۆی تەنیا بەو ئەگەرییە ببەستێتەوە. چۆن لەوێشدا جۆری فیدراڵییەکە و سنوورەکانی جێگای کێشە دەبن.

ئەگەر کورد خۆی بە فیدراڵ ناو ببات چی دەبێت؟

حاڵەتێکی سێیەمیش هەیە: کورد خۆی بە هەرێمێکی فیدراڵ ناو ببات بە بێ ئەوەی هیچ پشتگیرییەکی یاسایی یان نێودەوڵەتی هەبێت. ئەم حاڵەتە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە شانسی سەرکەوتنی زۆر کەمە و دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی کێشەی نوێ.

کەواتە چارەسەر چییە؟

کورد دەبێت ڕیسکەکان کەم بکاتەوە. داوای ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان، کە دواتر دەتوانرێت لە سەر فۆرم و شێوەی پەیوەندییەکە گفتوگۆ بکرێت، ئاسانتر و قابیلی هەزمترە. ئەم جۆرە داواکارییە دەتوانێت پشتگیری نێودەوڵەتی زیاتر وەربگرێت، چونکە وەک مافێکی نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبردن دەبینرێت.

لە هەمان کاتدا، ئەگەر بارودۆخە سیاسییەکان لە داهاتوودا بگونجێن، ئەم ئۆتۆنۆمییە دەتوانێت بەرەو شێوەیەکی فراوانتر بڕوات؛ فیدراڵ، یان تەنانەت کۆنفێدراسیۆن.

کۆتا کەلام
بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد کە لە دانیشتنەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانان، کە لە ئێستادا ئەمریکا و ئیسرائیلن و دواتر لایەنانی دیکەش پێوە پەیوەست دەبن، داواکارییەکی واقعبینانە و ستراتیژیکی پێشکەش بکەن؛ داواکارییەک کە لە بنەڕەتدا پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بێت و ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکان بکاتەوە.

بە هیوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان.

 

#خۆرهەڵات