کومیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بناسین

ئەو کومیسیۆنە لە ساڵی ١٩٤٦ دا بە مەبەستی ڕستنی ڕێسەی یاسای نێونەتەوەیی پارێزوانی لە ماف و ئازادییە بنەماییەکان دامەزرا.
 
بە پیکهاتەیەکی ٥٣ ئەندامییەوە، ئەرکەکەی بە مەبەستی ڕێگە پێدانی بۆ پێڕاگەیشتن بە هەموو کێشەکانی مافی مرۆڤ و دەستنیشان کردنی ستانداردی بەڕێوە بردنی وڵاتان، بە بەردەوامی درێژ دەکرایەوە. ئەو کومیسیۆنە هەر وەها بوو بە سەکۆیەک کە لەوێەوە هەموو وڵاتان، گەورە و بچووک، گرووپە ناحکوومییەکان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو سووچێکی دونیاوە پەرۆشییەکانی خۆیان تێدا دەهێنا سەر زمان.
 
 
ڕێوشوێن و میکانیزمەکان
کومیسیۆنی ڕێوشوێن و میکانیزمەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەرکدار کرابوو بۆ لێکۆڵینەوە، چاودێری و بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرت سەبارەت بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە وڵات یان سەرزەوینێکی تایبەت (ناسراو بە مێکانیزم یان ڕاسپاردەکانی وڵات)، یان سەبارەت بە دیاردەی گەورەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری دونیادا (ناسراو بە میکانیزم یان ڕاسپاردەی بابەتیانە).
ئەم ڕێوشوێن و میکانیزمانە بە گشتی بە “ڕێکاری تایبەتی کومیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ” ناو دەبردرا.
 
ڕووکارە سەرەکیەکان
 
ئەو بابەتە سەرەکییانە کە کومیسیۆن دەیخستنە ڕوو، بریتین بوو لە:
– مافی دیاریکردنی چارەنووس.
– ڕەگەزپەرەستی.
– مافی پێشکەوتن.
– بابەتی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە سەرزەوییە عەرەبییە داگیر کراوەکاندا، بە فەڵستینیشەوە.
– بابەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەماییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
– مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان.
– مافە سیڤیل و ڕامیارییەکان، وەکو ئەشکەنجە و قۆڵبەست کردن، بێ سەروشوێن کردن و لە سێدارەدان، ئازادی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بێ مافی و ناڵێبوردەیی ئایینی، مافە بنەماییەکانی ژنان، منداڵان، کرێکارە کۆچەرەکان، کەمینە و ئاوارەکان، خەڵکی خۆجێیی.
– پێشخستن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ژێر-کومیسیۆنەکان، ئۆرگانی پەیماننامەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکان.
– خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری و هاوکاری تەکنیکی لە بۆاری مافی مرۆڤ دا.
 
گرووپە کارییەکان
جارو بار کومیسیۆن ئەو ناوچانەی دیاری دەکرد کە دەبوایە ستانداردە هەبووەکان زیاتر پەرەیان پێ بدرێ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دڵپەرۆشییە نوێ و گەشە سەندووەکان. بۆ نموونە کاری دەکرد بۆ بە هێز کردنی پارێزراویی دژ بە ئەشکەنجە و هەموو چەشنە کردەوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە لە گرتووخانەکان، و هەر وەها پێشخستنی مافەکانی خەڵکی خۆجێیی.
 
 
بابەتی دیکە کە لە لایەن گرووپە کارییەکانی کومیسیۆنەوە کاریان لە سەر دەکرا بریتی بوون لە : مافی پێشکەوتن، بەرنامەی هەموار کردنی پێکهاتەیی و مافەکانی مرۆڤ.
 
کاتێ سکاڵایەکی تاکە کەسی یان ڕێکخراوەیی دەگەیشتە دەستی ژێر-کومیسیۆنەکان، نموونەیەکی بەرچاوی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی ئاشکرا دەکرد، دەتوانرا بابەتەکە بخرێتە بەر دەستی گرووپە کارییەکانی کومیسیۆن یان خۆدی کومیسیۆنەوە.
 
دیاری کردنی ستانداردەکان و کار پێ کردنیان
یەكێک لەو کارە گرینگانە کە بە کومیسیۆن ئەسپێردرابوو، دەستنیشانکردنی پێوان و ستاندارەدەکانی مافەکانی مرۆڤ بوو.
کومیسیۆن لە ساڵی ١٩٤٨ دا کارەکانی خۆی لە سەر جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ کۆتایی پێ هێنا. دوابە دوای ئەوە، ستانداردەکانی پەیوەست بە، مافی پێشکەوتن، مافە سێڤیل و ڕامیاری، مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان، نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی، ئەشکەنجە، مافەکانی منداڵان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤی دەست نیشان دەکرد.
 
هەموو ئەو وڵاتانە کە ستانداردەکانیان پەسند کردبوو، ناچار بوون ئەو مافانانە کە دانیان پێدا ناون جێبەجێ کەن و بە بەردەوامی ڕاپۆرتەکانیان بدەنەوە بەو ڕێکخراوە نێۆنەتەوەییانە کە بۆ چاودێریی چەسپاندن مافەکان دامەزراون.
 
ستانداردەکانی مافی مرۆڤ ئەگەر جێبەجێ نەکرێن، زۆر بێ بایەخ ئەبن. بۆیە، کومیسیۆن بەشێکی زۆری کاتی خۆی بۆ کێشەکانی بەردەم جێبەجێکرانیان تەرخان دەکرد. بەشێک لە کارەکان زۆر هەستیار بوون، مشتومڕێکی قووڵییان دەخۆڵقاند و زۆر جاریش ناکۆکییان لێ دەکەوتەوە. تۆڕی میکانیزمەکانی-شارەزایان، نوێنەران و ڕاپۆرتدەران- ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە لە ئامادە کردنی ڕاپۆرتی ساڵانە بۆ کومیسیۆن.
ئەو زانیارییانە کە لە لایەن حکوومەتەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و تاکەکانەوە پێشکەش کراون، لە ئامادە کردنی ڕاپۆرتەکاندا بە کار هێنراون.
 
سەرکەوتنی کومیسیۆنەکە بە گوێرەی توانای گوڕینی ژیانی تاکەکان پێوانە دەکرێ.
 
خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری و هاوکاری تەکنیکی
کاتێ کێشەکان دەستنیشان کران، کومیسیۆن دەیتوانی هەنگاو بۆ چارەسەرییان هەلێنێت. ئەو بەردەوام داوای لە کومیساریای بەرزی مافەکانی مرۆڤ دەکرد کە لە چوارچێوەی بەرنامەی خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری و هاوکاریی تەکنیکی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا یارمەتیدەری حکوومەتەکان بێ.
ئەو یارمەتییانە بە شێوەی ڕاوێژکاریی شارەزایانە، سمینار لە بارەی مافەکانی مرۆڤ، خولی ڕاهێنانی نیشتمانی و ناوچەیی، بوورسی خوێندن و چالاکی دیکە بە مەبەستی بە هێز کردنی توانا نیشتمانییەکانی پاراستن و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ، پێشکەش دەکران.
 
ئەندامێتی
 ٥٣ وڵاتی ئەندامی کومیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، لە لایەن ئەنجۆمەنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئێکۆسۆک)ەوە هەڵدەبژێردران. ئەم هەڵبژاردنە کە زۆر جار، لە مانگی مەی (ئایار)ی هەموو ساڵێک بەڕێوە ئەچوو، نیزیکەی یەک لە سەر سێی ئەندامانی هەڵدەبژاردەوە. ئەندامان دەیانوانی بۆ ماوەی سێ ساڵ خزمەت بکەن و دووبارە هەڵ ببژێردرێنەوە. کومیسیۆن ئەندامی هەمیشەیی نەبوو.
 
٥٣ کورسییەکە بەم شێوەیە دابەش کرابوون :
– وڵاتانی ئەفریکی، ١٥ کورسی.
– وڵاتانی ئاسیایی، ١٢ کورسی.
– وڵاتانی ئۆروپی، ٥ کورسی.
– وڵاتانی ئەمریکای لاتین و کاراییب، ١١ کورسی،
– وڵاتانی ڕۆژاوای ئۆروپا و هی دیکە، ١٠ کورسی.
هۆکاری هەڵوەشانەوە
بەهۆی بەشداری بوونی چەندین وڵاتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ  و بە تایبەتی دوای هەڵبژێرانی لیبی بۆ سەرۆکایەتیەکەی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، ئەو کومیسیۆنە بەرە بەرە کاریگەری خۆی لە دەست دا و هەڵوەشایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦ لە ئۆرگانێکی دیکە بە پێکهاتەیەکی دیکەوە لە ژێر ناوی ” شۆرای مافەکانی مرۆڤ” جیگای گرتەوە.
session-United-Nations-General-Assembly-Central-Hall-January-10-1946
سەرچاوە :

سەبارەت kurdazad