مێژووی گۆڕانی ناوی “پێرشیا” بۆ “ئێران”

زۆر جار باسی نوێ بوون یان کۆنبوونی ناوی وڵاتی ئێران دەکرێ. بە گوێرەی هێندێک بەڵگەی جێ باوەڕ، هەر وەک کتێبی هێندێک مێژوو نووسی وەکو هێرۆدۆت، لە دوای مێدیا یان مێدیەوە، تەنیا ناوێک کە بۆ جیۆگرافییەکی زۆر بەرینتر لە چوارچێوەی سنووری سیاسیی ئەۆڕۆ بۆ وڵاتی ئێران بە کار هاتووە، بریتی بووە لە ناوی “پێرشیا” یان بە فەرەنسی “پێڕس”!

 

بەڵام ناوی “ئێران” لە کەیەوە بە شێوەی فەرمی بە کار هاتووە؟

بەپێی هێندێک بەڵگە کە لە گەڵ ئەم تێکستەدا دایدەنم، ناوەی “ئێران” لە نەورۆزی ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی کە بەرامبەرە بە ٢١ی مارسی ١٩٣٥ی زایینی، بە شیوەی فەرمی بە کار هێنراوە.

لەو بەڵگەنامە و پەیوەندییە ئیداریی و دیپلۆماتێکانە کە لە ئەرشیفی نیشتمانی بەریتانیادا بوونیان هەیە دەردەکەوێ کە ناوی وڵاتی “پێرشیا” و خەڵکی ئەو وڵاتە “پێرشیەن”، لە سەر بنەمای بڕیارێکی حکوومەتی پادشایی گۆڕدراون بۆ “ئێران” و “ئێرانی”!

بە پێی نامەیەک کە لە ٢٨ ی دێسامبەری ١٩٣٤ (٧ی بەفرانباری ١٣١٣ی هەتاوی)دا باڵوێزی بریتانیا بۆ حکومەتی وڵاتەکەی ناردوە، پێی ڕاگەیاندون کە ناوی پێرشیا بۆ ئێران دەگۆڕدرێت .

لە نامەیەکی تردا کە لە ١٨ ی مارسی ١٩٣٥ دا لەلایەن دەوڵەتی پادشایی فارسەوە بۆ نوێنەرایەتی وڵاتان لەو وڵاتە نێردراوە، ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لە ٢١ی مارسی ١٩٣٥ەوە واتە لە نەورۆزی ١٣١٤ی هەتاوییەوە دەبێ لە باتی “پێرشیا” ناوی “ئێران” و لە باتی “پێرشیەن” واژەی “ئێرانی” بە کار بێنن.

هەواڵی گۆڕانی ناوی “پێرشیا” بۆ “ئێران” لە هێندێک بەڵگە و ڕۆژنامەی ئەو سەردەمەدا وەکو نیۆیۆرک تایمز، ڕەنگیان داوەتەوە و بڵاو کراوەتەوە.

 

ناوی “پێرشیا” بۆ گۆڕدرا بۆ “ئێران”؟

سەبارەت بە گۆڕینی ناوەکە هێندێ شیمانە لە گۆڕیدا هەیە. هێندێ دەڵێن کە بە هۆی نیزیک بوونی ڕەزا شا بە ئاڵمانییەکانەوە (پێش گەیشتن بە پۆستی بەرزی نیزامی و بوون بە شا، وەکو ئەسپداری باڵوێزخانەی ئاڵمان لە ئێران کاری دەکرد)، لە سەر داوای ئەوان و بۆ نیزیکتر بوونەوەی زیاتری پێرشیا کە خۆیان بە ئاریایی دەزانی، ئەو ناوە گوڕدراوە.

بە پێ شیمانەیەکی دیکە گوایە لە حوزەیرانی 1934 دا ڕەزا شا گەشتێکی یەک مانگەی بۆ تورکیای ئەتاتورک کرد و بە پشت بەستن بە تێۆریی ، کاریگەری گۆڕانکاری و چاکسازیەکانی ئەتاتورک، لە گەڕانەوەیدا، لە سەر ئامۆژگاری هێندێ لەڕووناکبیرانی فارس(!؟)، ئەو بڕیارەی داوە.

 

سەرچاوە :

blog.nationalarchives.gov.uk

سەبارەت kurdazad