ئەشکەوتی قەڵای کورد کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە نێوان زاگرۆس و ئەلبۆرز دا!

ئەشکەوتی قەڵای کورد(قلعە کورد) دەکەوێتە شارۆچکەی ئاوەج لە پارێزگای قەزوێن لە ئێرانی ئێستادا.

بەرزی ئەشکەوتی قەڵاکۆرد نزیکەی ٢٠٦٤ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. دوای تێپەڕین بە داڵانی ئەشکەوتەکەدا و چوونە خوارەوە لە بیرێکی پانزە مەتری دەگەیتە هۆڵێکی گەورە. شێی بەرز و تابلۆی دیوار و حەوزی ئاو گرنگترین تایبەتمەندی ئەشکەوتی قەڵای کوردن. ئەم ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆلیگۆ-مایۆسین و سێیەم قۆناغی جیۆلۆجی کە بە ٤٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر مەزەندە دەکرێت.

ئەشکەوتەکە شوێنێکی تووریستی گرینگە، دوا بە دوای لێکۆڵینەوە کۆنینەناسییە هاوبەشە ئێرانی-فەرنسییەکان، وەکو کۆنترین شوێنی نێشتەجێبوونی مرۆڤە لەو ناوچەیەی کە بە فەلاتی ئێران ناسراوە و شوێنەواری ژیانی مرۆڤی پێش نێاندێرتال و نێاندێرتالی تێدا دۆزراوەتەوە.

هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەکان ژیانی زیاتر لە چوارسەدهەزار ساڵەیان لەو ئەشکەوتەدا بەڵگەمەند کردووە.

واتە مرۆڤی نێاندێرتال لە ماوەی ٢٠٠ هەتا ٤٠ هەزار ساڵ لەمەو پێش تێدا ژیاون و پێش ئەوانیش جۆری دیکەی مرۆڤ وەکو مرۆڤی هایدێلبێرگی تێدا ژیاوە.

لە یەکێک لە هەڵکۆڵینەکاندا ددانی منداڵێکی نێاندێرتاڵ کە تەمەنی زیاتر لە ١٥٥ هەزار ساڵە دۆزراوەتەوە.

هەتا ئیستا بێجگە لە دۆزینەی ئێسک و پرووسکی مرۆڤی کۆن، ئامێری بەردینی دەستساز و شوێنەواری دوو جۆر ئەسپی لەناوچووی پێش مێژوو، ئاسک، ورچی قاوەیی و کەروێشک و شتی دیکە لەو ئەشکەوتەدا دۆزراونەتەوە.

دوو پرسیارێ کە خۆم نەمتوانی وەڵامەکەی وەرگرم، بۆچی ناوی کوردی لە سەرە؟ بۆ چی سەرەڕای کۆن بوونەکەی و هەبوونی ژیانی پێش نێاندێرتالیش زۆر بە کەمی باسی کراوە؟

https://www.anthropology.net/p/a-remarkable-discovery-of-a-450000

https://hnhp.mnhn.fr/fr/actualites/rs-sur-liran-2-avec-2-presentations-milad-hashemi-professeur-assistant-departement

https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%BA%D8%A7%D8%B1_%D9%82%D9%84%D8%B9%D9%87%E2%80%8C%DA%A9%D8%B1%D8%AF

https://ifpnews.com/where-is-oldest-human-settlement-iran/

سەبارەت kurdazad