کۆنەشاری مەردەمان لە باشووی کوردستان

مەردەمان (ماردامان) شارێکی کۆنی باکووری میزۆپۆتامیایە، کە شوێنەوار و کەلاوەکانی لە “باسێتکێ” لە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان دۆزراونەتەوە.

یەکەم بەڵگەی هەبوونی ئەو شارە هۆنراوەیەکی ئاکێدییەکانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزراەی دووهەمی پێش زایین. لەو هۆنراوەیەدا ئاماژە بە ناوی “دوهسوو سوو” پادشای ئەو شارە دراوە و ناوی لە گەڵ ژمارەیەک شاری دیکەدا هاتووە کە دژ بە پادشای ئاکێدییەکان واتە نارام-سین (٢٢٦٠-٢٢٢٣ پێش زایین) ڕاپەڕیون. ئەو شارە لە نێوان ساڵەکانی ٣٠٠٠-٦٠٠ی پ.ز دا چەندین جار داگیر و خاپوور کراوە و دیسانەوە بنیات نراوەتەوە.

هێندێ سەرچاوەی سەردەمی سێهەم بنەماڵەی ئوورەکان مەردمانی وەکو شارێکی گرینگی سنوورەکانی باکووری میزۆپۆتامیا ناو بردووە.

شوێنی تەواوی مەردەمان لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ دوای وەرگێڕانی ٩٢ تابلێتی بزمارێنی ئاسووری ئاشکرا بوو. ئەو تابلێتانە لە بەهاری ٢٠١٧، لە لایەن شوێنەوارناسانی زانکۆی “تووبینگێن”ی ئاڵمانی،  و لە کاتی گەڕان و هەڵکۆڵینی حەوشەی کۆشکی پادشای ئاسووری، ئاسور-ناسیر لە گۆڵدانێکی قوڕیین دا دۆزرانەوە. ئەو شوێنە لە گوندی “باسێتکێ” لە پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە.

بەشێکی دیکەی نووسراوەی سەر تابلێتەکان ئاشکرایان کردووە کە لە سەردەمی بڕۆنزی نێوەڕاستدا، ئەو شارە چەند نوێنەرێکی ناردووەتە بارەگای پادشای “ماری”، یەحدوون-لیم (١٨١٠-١٧٩٤ی پێش زایین). “ماری” شارێکی دیکەی ناوچەکە بوو کە لە لایەن پادشای ئاسووری، شەمشی ئادادی یەکەمەوە (١٧٩٦-١٧٧٥ی پ.ز) داگیر کرابوو. بە دوای شەمشی ئادادی دا کوڕەکەی واتە یاسماح-عەدۆ دەسەڵاتی “ماری” گرتە دەستەوە.

پێشتر نامەیەکی نەنێردراو دۆزراوەتەوە کە هی سەردەمی دەسەڵاتی زیمری-لیم (١٧٧٤-١٧٦٢ی پ.ز) پادشای مارییە، کە بۆ تیش-ئۆلمە پادشای مەردەمان نووسراوە و داوای لێکردوە کە نوێنەرێکی بە وەفا بۆ لای ئەو بنێرێ. هەر وەها زانیاری دیکە بوونیان هەیە لە سەر گیران و شکستی چەند جارەی مەردەمان لە لایەن ئاسوورییەکانەوە.

پێش دۆزینەوەکانی ساڵی ٢٠١٦، شوێنەوارەکانی باسێکتی بە هۆی لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکانی ساڵی ١٩٧٥و دۆزرانەوەی پەیکەرێکی مێسی کە کەسایەتییەکی ڕووتی دانیشتوو بوو، ناسرابوو. مێژووی ئەو پەیکەرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نارام-سینی ئاکێدی.

 

 

سەرچاوە :

https://en.wikipedia.org

https://www.sciences-faits-histoires.com

https://kurdizanist.com

سەبارەت kurdazad