گەمی کوردستان!

بە پێ ئەوەی کە کورد جێگای خۆی هەیە لە مێژوودا و زۆرجار ئێمە لە خاڵە ورد و کوێرەکانی ئەو مێژووە بێ ئاگاین، هەبوونی هێندێک بەڵگە دەتوانن شوێنی ئەو گەلە لە دونیا و مێژووی ڕابردوودا پیشان بدەن. لەو نێوەدا پێویستە بزانین کە لە ماوەی دوو سەدەی دوایین دا چەند گەمییەک بە ناوی کوردستان بوونیان هەبووە و لە خزمەت کۆمپانیە گەورە بازرگانیەکاندا بوون. لێرەدا بە پێ بەڵگەنامە و ژمارە فەرمیەکانیان، ئاماژە بە چەند دانەیەک لەو گەمییانە دەدرێ.

یەکەم گەمی کە ناوی “کوردستان” بووە و بە ژمارەی فەرمی ١٠٤٣٥٢ لە بریتانیادا ناونووسکراوە، لە ساڵی ١٨٩٥ دا لە لایەن کۆمپانیای گەمیسازی “Short Brothers of Sunderland” ەوە دروستکراوە و لە لایەن کۆمپانیای *“Hindustan Steam Ship Co. Ltd “ەوە بە کار هينراوە و لە نيوان هیندوستان و بریتانیا دا کاڵای بازرگانی پي گوازراوەتەوە. یەکەم گەمی کوردستان لە ساڵی ١٩٢٤ دا لە کارکردن کەوت و هەڵوەشێندرایەوە.

دووهەم گەمی بە ناوی کوردستان و بە ژمارەی فەرمی ١٣٢٠٧٧ لە ساڵی ١٩١٣ دا لە لایەن کۆمپانیای گەمیسازی “Short Brothers of Sunderland”ەوە دروستکراو لە ١٩١٤دا کەوتە خزمەتی کومپانیای “Hindustan Steam Ship Co. Ltd ” ەوە. دووهەمین کوردستان لە ٢٠/٠٩/١٩١٧ دا کەوتە بەر هيرشی تۆرپیدۆ (ڕۆکيتی دەریایی) گەمیە شەڕکەرەکانی ئەڵمانیاو تيکشکێندرا.

سێهەم گەمی هەمان کۆمپانی کومپانیای “Hindustan Steam Ship Co. Ltd ” هەر بە ناوی کوردستان و بە ژمارەی فەرمی ١٤٠٧٠٨ لە ساڵی ١٩١٨ دا لە لایەن کۆمپانیای گەمیسازی “Short Brothers of Sunderland”ەوە دروستکراو لە هەمان ساڵدا کەوتە خزمەتی کومپانیایکەوە. ئەو گەمیە دوای سێ جار فرۆشرانیەوە لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٥٤ لە کار کردن کەوت و هەڵوەشێندرایەوە.

چوارەم گەمی کومپانیای “Hindustan Steam Ship Co. Ltd ” بە ناوی کوردستان و بە ژمارەی فەرمی ١٤٩٤٨٧ لە ساڵی ١٩٢٨ دا لە لایەن کۆمپانیای گەمیسازی “Short Brothers of Sunderland”ەوە دروستکراو لە هەمان ساڵدا کەوتە خزمەتی کومپانیایکەوە. ئەو گەمیە لە هيڵی نێوان مەنچستێر- نیۆیۆرکدا کاری پي دەکرا. کوردستانی چوارەمیش لە ١٠/١٢/١٩٤١دا کەوتە بەر هيرشی گەمیە شەڕکەرەکان و تيکشکيندرا.

پێنجەم گەمی کۆمپانیاکە بە ناوی کوردستان، بریتی بوو لە تانکەرێکی نەوتهەڵگر و لە ساڵی ١٩٥٠دا بە ژمارەی فەرمی ١٦٩٢٢٢ کەوتە خزمەتی کاری گواستنەوەی نەوتەوە.

شەشەم گەمی هەمان کۆمپانی بە ناوی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٣دا کەوتە خزمەتی کۆمپانیاکەوە.

لە ساڵی ١٩٧٣ دا لە لایەن کۆمپانی گەمیسازی “Swan Hunter Shipbuilders Ltd.” گەمییەک بە ناوی Frank D MOORES دروست دەکرێ دەخرێتە خزمەتی کۆمپانی “Nile SS Co Ltd” بریتانیەوە کە ناوەندەکەی لە نیۆکاستێل بووە. ناوی گەمیەکە لە ساڵی ١٩٧٦ دا دەگۆڕدرێ بۆ “M.V Kurdistan” بە ژمارەی فەرمی ٧٣٠٤٨٦٩. گەمی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩ دا و لە کاتی گواستنەوەی نەوت لە بەندەری Hawkesbury لە کانادا بۆ بەندەری Pointe-Noireی کێبێک لە پارچە سەهۆڵی سەر دەریا دەدات و لە نێوەراستەوە دەشکێ. گەمیە شکاوەکە ڕزگار دەکرێ و دوای چاککردنەوەی لە ساڵی ١٩٨٢ دا بە ناوی Aura Bravery دەخرێتە خزمەتی کۆمپانیای Ching Tankers ەوە.

* کۆمپانیای “Hindustan Steam Ship Co. Ltd ” لە ساڵی ١٨٩٣دا لە لایەن کاپیتان ئێسکوانس و فرانسیس ەوە لە شاری “Sunderland” ی بریتانیا دامەزراوە و لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا ٣ گەمی بە ناوەکانی کوردستان خستوەتە خزمەتی گواستنەوەی کەلوپەلی بازرگانیەوە.

سەبارەت kurdazad