چەند وێنەی نۆێکراوەی شاری سنە

سنە یەکێکە لە شارە گەورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کوردستانی ئێران و هەروەها ناوەندی شارستانی سنەیە‌. سنە، لە باری ژمارەی دانیشتوانەوە، دوای کرماشان و ورمێ سێهەمین شاری گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه‌. بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ ، ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە نزیکەی ٤٠٠٫٠٠٠ کەسە و نزیکەی ١٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوه بەرزترە.

خەڵکی شارەکە بە زاراوەی ئەردەڵانی (هێندێ پێی دەڵێن سنەیی) قسە دەکەن، کە لقێکە لە سۆرانی، هەروەها زۆرجار خەڵکی سنە و ئەو ناوچە بە سنە دەڵێن: کوردسان یان کورسان واتە کوردستان. هۆکاری ئەوەیە کە سنە هەر لە سەرەتای دامەزران تا ئەو ڕۆژەی کە قاجاڕەکان بەتەواوی خستیانە ژێر دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی خۆیان، پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە و ئەردەڵانەکان بە حکومەتەکەی خۆیان دەیانگوت حکومەتی کوردستان.

بەر لە ساڵی ١٠٤٦ ک.م، سنە گوندێکی بچووک بووە کە تایفەیەک بە ناوی کەوش زێڕینە لەوێ نیشتەجێ بووون. سولەیمان خانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٠٤٦ی کۆچی مانگی، بوو بە والیی کوردستان. بە فەرمانی پادشای سەفەوی (شاسەفی، شەشەمین پاشای سەفەوی)، قەڵاکانی زەڵم، حەسەن ئاوا و پاڵەنگانی وێران کرد و لە گوندێک بە ناوی سنە بارگەو و بنەی دامەزراند و کردیە پایتەختی کوردستان. ئەو سەرەتا، قەڵایەکی حکوومەتیی لە سەر تەپۆڵکەیەک بە بەرزی بیست میتر درووست کرد و لە دەرەوەی قەڵاکە دا، بازاڕ و مزگەوت و ماڵی کردەوە (جێگەی ئەو قەڵایە، ئەمرۆکە دەکەوێتە ناوەندی شار، ئەو شوێنەی کە خەڵکی سنە پێی دەڵین: بان باشگا. ھۆکەی ئەوەیە کە ئەو شوێنە لە زەمانی دەسەڵاتی پەھلەوی دا باشگای ئەفسەران بووە و ئێستاش بنکەی ناوەندیی بەسیجە). سولەیمان خان ناوی ئەو قەڵا نوێیەی نا «سنەدژ» (دژ یانێ قەڵا) کە فارسیکراوەکەی دەبێتە سنندج.

لە شەڕی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان، میرنشینی ئەردەڵان تاوێک ھاوپەیمانی سەفەوییە بوو و تاوێک ھاوکاری عوسمانی دەکرد. لە ١٧٣٣دا کەریم خانی زەند سنەی داگیر کرد. دوای ماوەیە ئابلۆقە خەسرەوخان دەسەڵاتی ئەو بەشەی کوردستانی گرتە دەست. لە ١٧٩٩ تاکوو ١٨٢٤ ئەمانوڵاخان کوڕی خەسرەوخانی ئەردەڵان حوکمڕانی دەکرد لە سنەدا. ئەو ھەولێکی زۆردا بۆ درووست‌کردەنەوە و بەرەو پێش‌بردنی کاروباری شارەکە.

گەڕەکە کۆنەکان
شاری سنە تا بەر لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێران ٢٩ گەڕەکی بووە. ئەمانە ناوەکانیانن:

  • دەرماڵ
  • ناو قەڵا
  • قەتارچیان
  • سەرتەپۆڵە
  • ئاغەزەمان
  • چوارباخ
  • پیرمحەمەو
  • گلەخان
  • کووچی ڕەزان
  • جەور ئاوا (خوار و ژوور)
  • جاڕ نەسڕوڵڵا خان
  • سپوور ئاوا
  • تەپەی ئەولیابەگ
  • حاجی ئاوا
  • شەریف ئاوا
  • فەیز ئاوا
  • کەڵەکە جاڕ
  • پردبەند (نیزام ئاوا)
  • کوێر ئاوا
  • تەپەی شێخ حەمە سادق
  • شێخان
  • تازه ئاوا
  • بان خەنەق (خەندەق)
  • کانی گورگ عەلی
  • ناو کرماجەکان
  • چقڵی چەقان
  • دوڕاجییەکان
  • ناو دۆمەکان
  • تەقتەقان
  • قه‌لاچوارلان

گەڕەک و شارۆچکە نوێکان

ئەم گەڕەکگەلە دوای ئینقلابی ساڵی ٥٧ کراونەتەوە یان پەرەدراون :

  • شارۆچکەی بەهاران
  • شارۆچکەی سەعدی
  • شارۆچکەی زاگرۆس
  • شاروچکەی مەولەوی
  • شاروچکه ی په ردیس
  • موارەکاوا
  • تەکیه ‌و چەمەن
  • شاڵمان‌
  • شارۆچکەی ٥ی ئازەر
  • شاروچکه ی ساحیلی
  • شارۆچکەی بێعسەت
  • عەباساوا
  • کانی کووزەڵە
  • غەفوور‌‌

سەرچاوە :

https://ckb.wikipedia.org

سەبارەت kurdazad